فێرخوازانی بەشی کارگێڕیی کار بە هاوكارییەكانیان ئامادەیی هەولێری کچانی نموونەیی نۆژەن دەكەنەوە
بە دروشمی “لە هەڵسەنگاندنەوە بۆ جێبەجێکردن”، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣/١٢/٢٠٢٥، فێرخوازانی بەشی کارگێڕیی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی “ئامادەیی هەولێری کچانی نمونەییان” كرد، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدان قوتابخانەكە.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر قوسەی حەمید سەلامی و بە یاوەری گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشەکە بەڕێوەچوو. وەفدەکە لەلایەن مامۆستا ڕوقییە سەلاحەدین شاکر بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان بەدواداچونیان بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدان قوتابخانەكە كرد، كە بریتیە لە چاککردنەوەی زەویی (ئەرز)ی پۆلە کەرەڤانەکان، لەگەڵ گرتن و چاککردنەوەی کون و کەلێنەکانی سەربانی کەرەڤانەکان و، دانانی پەنجەرەی نوێ لە شوێنی پەنجەرە تێکچووەکان لەگەڵ دانانی داپۆشەری پارێزەر بۆ سەربانەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئاوی باران و، بۆ باشترکردنی ژینگەی خوێندن و دابینکردنی کەشێکی ئارام و لەبار بۆ فێربوون و داهێنان.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ستایشی ڕۆڵی پێشەنگانەی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد لە بواری خزمەتکردنی کۆمەڵگە، هەروەها ئەو پەرۆشییەی بەرز نرخاند کە فێرخواز و مامۆستایانی بەشی کارگێڕیی کار نیشانی دەدەن بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی پڕۆژەگەلێک، کە کاریگەریی ئەرێنی و ڕاستەوخۆیان لەسەر واقیعی قوتابخانەکەیان هەیە.






