فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار لایەنە کارگێڕی و پرۆتۆکۆڵییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر دەکەنەوە
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢٢/٢/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی دووەم و چوارەمی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا. ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) بەڕێوەچوو.
بە گەیشتنیان لەلایەن دکتۆر (خۆشناو صدیق عەلى ئاقوبانی) بە گەرمی پێشوازی لە شاندی فێرخوازان کرا. لە سەرەتادا ڕوونکردنەوەی وردی دەربارەی پێگەی یاسایی ئەندامی پەرلەمان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەروەها تیشکی خستە سەر پەیکەرى پەرلەمان کە لە ١٩ لیژنەی جیاواز پێکهاتووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر ئەندامێک لەبەر زۆریی ئەرکەکان تەنها دەتوانێت لە دوو لیژنەدا ئەندام بێت.
لە درێژەی سەردانەکەیاندا، (ئارام عومەر عەلی) فەرمانبەر لە بەشی پرۆتۆکۆڵ و هاوکاری نێودەوڵەتی، هاوەڵیی فێرخوازانی کرد بۆ ناو هۆڵی سەرەکیی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان و لە نزیکەوە ئاشنای شوێنی دانیشتنی ئەندامان و سەرۆکایەتی و شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکان بوون. دواتر فێرخوازان سەردانی کتێبخانەی پەرلەمانیان کرد، لەوێدا (ئیسماعیل ئەبوبەکر ئەحمەد) فەرمانبەری کتێبخانە ڕایگەیاند: ناوەندەکەیان زیاتر لە ٣٠ هەزار کتێب و ١٨ هەزار سەرچاوەی دەوڵەمەندی لە بوارەکانی سیاسی، ئاینی، کارگێڕی و دارایی تێدایە، کە جگە لە ئەندامان و ڕاوێژکارانی پەرلەمان، فێرخوازانی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵاش سوودی لێ وەردەگرن.
لە وێستگەی کۆتایی گەشتەکەدا، فێرخوازان لەلایەن (عەونی حەمەد عەلی) بەڕێوەبەری پرۆتۆکۆڵ پێشوازییان لێکرا. لە وتەیەکدا بە وردی باسی لە ئەرکەکانی بەشی پرۆتۆکۆڵ کرد، کە خۆی لە پێشوازیکردن لە میوانە باڵاکان و ڕێکخستنی بۆنە فەرمییەکان دەبینێتەوە، وەک مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم و پێشوازیکردن لە شاندە نێودەوڵەتییەکان.
فێرخوازان لە ڕێگەی ئاراستەکردنی چەندین پرسیارەوە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد، کە ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ تێگەیشتنیان لە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت و جێبەجێکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکان لە ئاستی نیشتمانیدا.







