فێرخوازانی بەشی یاسای بە سەردانێکی زانستیی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٠/١١/٢٠٢٥، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی یاسا سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر ئەنجامدا.
بەگەیشتنیان لەلایەن دادوەر (ئازاد حەیدەر باوە)، دادوەری دادگای تاوانەکانی یەک، پێشوازییان لێ کرا، پاشان لە دیدارێکدا کۆمەڵێک زانیارى گرنگى دەربارەى کاروبارى دادگا پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەسەر بنەماکانی یاسای سزادان کرد، کە تێیدا ئازاد حەیدەر باوە چەمکی تاوان و ڕوکنە سەرەکییەکانی شیکردەوە، لەگەڵ جۆرەکانی حوکم و سزاکان. لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەدا دادوەری دادگای تاوانەکانی یەک جیاوازییە جەوهەرییەکانی تایبەتمەندیی (الاختصاص) نێوان دادگای بەرایی و دادگای تاوان (جنح) و ڕێکارەکانی دادبینی و داوای بۆ فێرخوازان ڕوونکردەوە، هاوکات تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی دادوەر لە کاتی دادبینی و دانیشتنەکانی دادگادا.
لە کۆتاییدا، دادوەر ئازاد حەیدەر باوە کۆمەڵێک ئامۆژگاریی پیشەیی و کرداری ئاراستەی فێرخوازان کرد وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ داهاتوویان وەک پارێزەر و یاساناس. لە بەرامبەردا، فێرخوازان سوپاسی دادوەری دادگای تاوانەکانی یەکیان کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە زانستییە.
لە کۆتا وێستگەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر سەردانی ژووری پارێزەرانیان کرد و، لە نزیکەوە ئاشنای هەندێک لەو ڕێکارانە بوون، کە پێویستە پارێزەر ئەنجامیان بدات، وێرای گفتوگۆکردن لەگەڵ پارێزەرانی ئامادەبوو دەربارەی بابەتە جیاوازە یاساییەکان.





