فێرخوازانی بەشی یاسا بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشنای ڕێکارە یاساییەکانی فەرمانگەی دادنوسی دەبن
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستی و مەیدانییەکانیدا، بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٢/٨)، سەردانێکی زانستیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەم و پێنجەم بۆ فەرمانگەی دادنوسی یەکەمی هەولێر ڕێکخست.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (سامان حەسەن عەلی) ئەنجامدرا و لەلایەن (بۆتان کامەران عوسمان) بەڕێوەبەری فەرمانگە، بە گەرمی پێشوازی لە شاندی فێرخوازان کرا. بەڕێوەبەری فەرمانگەکە لە وتەیەکدا کورتەیەکی لەسەر پێکهاتەی کارگێڕی و ڕۆڵی سەرەکی فەرمانگەی دادنوسی لە سیستمی یاسایی هەرێمی کوردستاندا پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
دواتر، لەلایەن خاتوو (بەیار مەجید عەبدولڕەحمان) جێگری بەڕێوەبەر، وانەیەکی زانستی و ورد لەسەر پسپۆڕییەکانی فەرمانگەکە پێشکەش کرا. لە وانەکەدا تیشک خرایە سەر پرۆسەی دۆکۆمێنتکردنی مامەڵە یاساییەکان و چەسپاندنی مافەکان بۆ پاراستنی لایەنەکان. هەروەها بە شێوەیەکی پراکتیکی ڕێکارەکانی پەسەندکردنی گرێبەستەکان، مامەڵەی کەفالەتنامەکان و هەڵوەشاندنەوەیان، وەرگرتنی وەدیعە یاساییەکان و میکانیزمی پەسەندکردنی مامەڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ فێرخوازان ڕوونکردەوە.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، فێرخوازان بەشە جیاوازەکانی فەرمانگەکەیان بەسەرکردەوە، بەتایبەت “بەشی تۆمارکردنی ئامێرەکان” کە تێیدا لەلایەن فەرمانبەری بەرپرسەوە زانیاری پێویست لەسەر گرنگیی یاسایی تۆمارکردنی ئامێرەکان و چۆنیەتی دۆکۆمێنتکردنیان ڕادەستی فێرخوازان کرا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستا سامان حەسەن عەلی بە نوێنەرایەتی سەرۆکایەتی بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و ستافی فەرمانگەی دادنوسی کرد بۆ ئەو دەرفەتە زانستییە و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کرا.







