فێرخوازانی بەشی یاسا بە سەردانێکى زانستی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەوران بەسەردەکەنەوە
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٣/١١/٢٠٢٥)، فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەردانێکى زانستی و مەیدانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەوران لە هەولێر بەسەردەکەنەوە.
شاندی فێرخوازان لەلایەن (ڕائید فەرهاد) توێژەری کۆمەڵایەتى پێشوازییان لێ کرا، پاشان لە دیدارێکدا بە تێروتەسەلى تیشکی خستە سەر تەوەرە سەرەکییەکانی پەیوەست بە ماف و ئەرکەکانی سزادراوان لە دامەزراوە چاکسازییەکاندا، هاوکات جەختى لەسەر پێویستیی دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە و مامەڵەکردنی مرۆڤدۆستانە لەگەڵ سزادراوان کردەوە، بە جۆرێک لەگەڵ یاساکانی مافی مرۆڤدا بگونجێت. هەروەها باس لە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکە و وەزارەتەکانی دیکە کرد بۆ کەمکردنەوەی بەربەستەکان و باشترکردنی ڕەوتی کارکردن.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، دەرفەت بە فێرخوازان درا تا بە بەشە جیاوازەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا بگەڕێن و لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کارەکان و دۆخی سزادراوان بن. ئەم گەشتە مەیدانییە دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ بەشێک لە سزادراوان لەخۆ گرت، کە تێیدا باس لە واقیعی ژیانیان و تێڕوانینیان بۆ سیستەمی یاسایی دامەزراوەکە کرا، بەتایبەتی لە ڕووی مافی مامەڵەی مرۆڤانە، چاودێریی تەندروستی، فێرکردن و مافی سەردانیکردنی کەسوکاریان.
لە کۆتاییدا، فێرخوازانی بەشی یاسا سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرجەم کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد، کە هاوکار بوون لە ڕێکخستن و سەرخستنی ئەم سەردانە زانستییە بەنرخەدا.








