فێرخوازانی بەشی یاسا بە سەردانێکی زانستی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەسەردەکەنەوە
سەرۆکایەتى بەشی یاسا سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانی قۆناغی پێنجەم بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٦/١٠/٢٠٢٥)، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر سامان حەسەن عەلی ڕێکخست.
کاتێک شاندەکە گەیشتە پەرلەمان بە گەرمی لەلایەن هیوا حامید ڕاوێژکاری یاسایی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى پەناگیرى پەرلەمان دیدارێکى لەگەڵ فێرخوازان ئەنجامدا و، ستایشی دەستپێشخەریەکەى سەرۆکایەتى بەشی یاسا کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم جۆرە چالاکییانە، کە یارمەتیدەرن لە ئامادەکردنی نەوەیەکی یاسایی هۆشیار و ڕاهێنراو.
لە میانەى دیدارەکەدا، هیوا حامید شیکردنەوەیەکی وردی سەبارەت بە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی پەرلەمان و دەسەڵاتە یاسادانان و چاودێرییەکانی، هەروەها قۆناغەکانی ئامادەکردنی پرۆژە یاساکانی خستەڕوو هاوکات ئاماژەى بە بەوەدا کارەکان لە داڕشتنی پێشنیازەکان لەناو لیژنەکانەوە دەستپێدەکات، بە گفتوگۆکردن لە دانیشتنە گشتییەکاندا تێپەڕدەبێت، تا دەگاتە قۆناغی پەسەندکردن و بڵاوکردنەوە لە ڕۆژنامەی وقائیعى کوردستان بەشێوەیەکى فەرمی. هەروەها باسی لە ڕۆڵی گرنگی بەڕێوەبەرایەتی یاسایی کرد لە وردبینی داڕشتنی یاسادانان و دڵنیابوون لە گونجاندنی یاساکان لەگەڵ دەستوور و سیستمە کارپێکراوەکان.
لە بەشێکی تری سەردانەکەدا، فێرخوازان ئاشنای کاروبارى لایەنەکانى ڕاگەیاندنى کاری پەرلەمان بوون، کە تێیدا میکانیزمی ڕوماڵکردنی دانیشتنەکان و گواستنەوەی هەواڵەکان لە ڕێگەی پلاتفۆرمە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانەوە و گرنگی پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕای گشتی لە پشتگیریکردنی ڕێڕەوی دیموکراسی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری یاسایی لەناو هاوڵاتیاندا بۆ فێرخوازان ڕوونکرایەوە.
لە کۆتایی سەردانەکەدا مامۆستاى سەپەرشتیار بەناوى سەرۆایەتى بەشى یاسا سوپاسى ستافى کارگێڕى پەرلەمان و هیوا حامید کرد بۆ پێشوازی گەرم و میواندۆستییەکەیان، ستایشی زانیارییە بەنرخەکانی کرد کە لایەنە مەعریفییەکانی فێرخوازانی دەوڵەمەند کرد.`








