فێرخوازانی بەشی یاسا چالاکییەکی هۆشیارییان دەربارەی تاوان و یاسای سزادان لە ئامادەیی کارای ئەهلی پێشکەش کرد
کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم و پێنجەمی بەشی یاسا، چالاکییەکی هۆشیارییان بە ناونیشانی “مەیدانی تاوان” ئەنجام دا. چالاکییەکە ڕۆژى دوو ڕێکەوتى (٢٦/١/٢٠٢٦)، لە ئامادەیی “کارای” ئەهلی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو و لەلایەن خاتوو (خوێن سەباح سابیر) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە پێشوازییان لێکرا.
چالاکییەکە نمایشێکی بەرجەستەکراوی لەخۆگرتبوو بۆ چەندین نموونەی واقیعیی ئەو تاوانانەی کە ئەگەری هەیە کۆمەڵگە یان تاکەکانی تێ بکەون، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی یاسا لە پاراستنی بەڵگەکاندا. دیمەنەکان بە شێوازێکی پەروەردەیی سادە پێشکەش کران کە لەگەڵ تەمەنی فێرخوازانی ئامادەییەکەدا بگونجێت، و تێیدا جەخت لەسەر بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان و گرنگیی پابەندبوون بە یاسا و ڕێزگرتن لە سیستمی گشتی کرایەوە.
دواتر فێرخوازانی بەشی یاسا ڕوونکردنەوەیەکی سادەیان دەربارەی بڕگەکانی یاسای سزادان پێشکەش کرد، تێیدا جۆرەکانی تاوان و ئەو سزایانەی بۆیان دیاریکراوە خستە ڕوو. هەروەها باسیان لە گرنگیی هۆشیاریی یاسایی کرد بۆ خۆپاراستن لە ڕەفتارە هەڵەکان، و وەڵامی پرسیاری فێرخوازانیان دایەوە دەربارەی ئەو چەمکە یاساییانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
ئەم چالاکییە کاردانەوەیەکی ئەرێنی گەورەی هەبوو و لەلایەن کارگێڕی قوتابخانە و دەستەی مامۆستایان و فێرخوازانەوە دەستخۆشی لێکرا، بەهۆی شێوازە سەرنجڕاکێش و کاریگەرەکەی لە گەیاندنی زانیارییە یاساییەکان، کە دەبێتە هۆی بونیادنانی نەوەیەکی هۆشیار بە ماف و ئەرکە یاساییەکانی.







