فێرخوازانی بەشەکانی کارگێڕی گشتی و کارگێڕی کار سەردانێکی زانستییان بۆ بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی هەولێر ئەنجام دا
فێرخوازانی بەشەکانی کارگێڕی گشتی و کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی هەولێر ئەنجامدا.
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (١٢/١/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانى هەردوو بەش بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ڕاز ئازاد جەلال) گەشتێکی مەیدانییان بۆ بەشە جیاوازەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەنجام دا. لە کاتی گەیشتنیان، شاندی فێرخوازان لە لایەن (ڕێزان فەرەج)، بەڕێوەبەری کارگێڕی سەرچاوە مرۆییەکان بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.
دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان، ئینجا خاتوو (ڕێزان فەرەج) ڕوونکردنەوەیەکى وردى دەربارەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی بەڕێوەبەرایەتییەکە و بەشە سەرەکییەکانی پێشکەش بە فێرخوازان کرد وڕونیکردەوە، لە بەڕێوەبەرایەتیەکەیاندا ئەم بەشانە هەن: بەشی هەڵسەنگاندنی خودی و کاروباری فەرمانبەران، کە تایبەتە بە ئەرکەکانی هەڵسەنگاندنی فەرمانبەران، پلەبەرزکردنەوە، پاداشت، دابەشکردنی کار، پلاندانانی پڕۆژەکان، ژمێریاری، دەرکردنی بەڵگەنامەکان و، سەرپەرشتیکردنی پڕۆسە میکانیکییەکان و پشکنینەکان.
پاشان خاتوو (عەدەوییە عومەر)، نوێنەری بەشی وەرگرتە و دەرکردە (الوارد والصادر)، زانیارى وردی دەربارەی ئەرکەکانی بەشەکەیان پێشکەش کرد، کە بەرپرسە لە وەرگرتنی بەڵگەنامەکان و تۆمارکردن و ئاراستەکردنیان بۆ لایەنی پەیوەندیدار، جگە لە ئامادەکردنی نووسراوەکان و ناردنیان، لەگەڵ دەستەبەرکردنی ئەرشیفکردنی ورد و پەیوەندییەکی کاریگەر لە ناوەوە و دەرەوەی دامەزراوەکە.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازان و مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد بۆ ئەو پێشوازییە نایابە و ئەو زانیارییە بەسوودانەی لە کاتی سەردانەکەدا پێیان بەخشرا.






