فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر؛ بەسەرکەوتویی کۆرسێکى خوێندنیان لە پۆڵندا تەواو کرد و گەڕانەوە کوردستان
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن بەسەرکەوتویی لە بوارەکانى (بایۆمیدیکاڵ و مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى ئەندازیارى تەلارسازى و، نیوتریشن و دایەتێتیکس)، و ئەنجامدانى چەندین چالاکى و بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکانى کۆتایی لە زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (SGGW) لە پۆڵندا گەڕانەوە هەرێمى کوردستان.
دواى گەڕانەوەشیان، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٤) پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازییان لێکرا و، لە دیدارێکدا دواى ئەوەى بەخێرهاتنەوەى لێکردن، پیرۆزبایشى لێکردن کە توانیان ئەزمونێکى سەرکەوتوو بۆ ژیانى زانستى خۆیان تۆمار بکەن، وتیشى داهاتوویەکى گەش چاوەڕێتان دەکات، هاوکات سوپاسى سەرۆکایەتى بەشە زانستیەکان و کەسوکارى فێرخوازان و فێرخوازان کرد، کە توانیان ڕوویەکى جوانى نیشتیمان و زانکۆ و بنەماڵە و مامۆستاکانیان پیشانى زانکۆى (SGGW) بدەن، ڕونیشیکردەوە ئەو مامەڵەیەى ئێوە دەرگاى پێکەوە کارکردنى زانکۆکەمانى لەگەڵ زانکۆى (SGGW)فروانتر کرد، چونکە ئێوە توانیتان نوێنەرایەتیەکى گرنگ بکەن، ئەوەش دەسکەوتێکى دیکەیە بۆ ئێوە و زانکۆ و نیشتیمانەکەتان، هەربۆیە شانازیتان پێوە دەکەین.
لە کۆتایی قسەکانیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ هیواى خواست ئەم ئەزمونەتان ببێتە هاندرێکى بەهێز بۆ تەواوکردنى خوێندنى ماستەر لەو وڵاتە، چونکە ئێستا زۆر باش ئاشناى سروشت و ژینگەى خوێندن لەو وڵاتە بوون، ئەوەشتان بۆ ڕون بوەوە کە هیچ شتێکیان لە ئێوە باشتر نیە، لە ڕووى زانستى و ڕەوشتى و مرۆیی جێگەى شانازین، لە کۆتایشدا هانى دان ئەو ئەزمونەى لەو وڵاتە فێرى بوون بۆ هاوڕێ و هاوپۆلەکانیان باسى بکەن و، دەسکەوتەکانیش بخەنە خزمەت ڕەوتى زانست و پێشکەوتنى نیشتیمان لە بوارە جیاوازەکان.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٢/١٠/٢٠٢٣) فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر گەیشتنە وارشۆى پایتەخت، ئەو پێنچ فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر کە پێکهاتبون لە مریەم مەحمود یونس فێرخوازى قۆناغى چوارەم لە بەشى (ئەندازیارى تەلارسازى) و، ئەحمەد جەبار حەسەن فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى (نیوتریشن و دایەتێتیکس) و، ئیلاف سالار ئیسماعیل و محمەد خالد ئیبراهیم فێرخوازانى قۆناغى دووەم لە بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى و، فێرخوازان هەورێ ئامانج مەجید فێرخوازى قۆناغى سێیەم لە بەشى (بایۆمیدێکاڵ) لەسەر بنەمای چەند پێوەرێکى زانستى، کە لە لایەن زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences)لە پۆڵەندا و زانکۆى جیهان-هەولێر دانرابون، کاندید کرابوون.
تەواوکردنى ئەو کۆرسەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا، لە چوارچێوەی کارە هاوبەشەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (SGGW)، لە ماوەى مانەوەیان لەو وڵاتەدا فێرخوازان چەندین چالاکى زانستیان ئەنجامدا و، لە بەشە زانستیە هاوشێوەکانیاندا لەلایەن مامۆستایانى زانکۆى (SGGW) بەشێوەیەکى تیۆرى و لە تاقیگەکانى زانکۆکەدا ڕاهێنان بە فێرخوازان کرا و، ئەزمونێکى نوێیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هاوکات فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێریش بە توانا و لێهاتوەکانیان بوونە جێى سەرەنجى مامۆستایانى زانکۆکە.