فێرخوازانی زانکۆی جیهان – هەولێر، بەگەشتێكی كەلتوری ناوچە جیاوازەكانی مۆناکۆ لە فەرەنسا بەسەردەكەنەوە
لە درێژەی چالاكیە کەلتووری و ئەکادیمیەكانیان، فێرخوازانی زانکۆی جیهان – هەولێر، کە لە ئێستادا لە زانکۆی (SGGW) لە وارشۆ لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی فێرخوازان دەخوێنن، سەردانێکی مەیدانییان بۆ مۆناکۆ لە فەڕەنسا بەڕێوەبرد.
لە میانەی سەردنەكەیاندا، كە ڕۆژی چوارشەممە، 3/12/2025 ئەنجامیاندا، هەریەك لە فێرخوازان (إبراهيم زكي محمد صالح) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى چارەسەرى سروشتى، (مروان محمد أحمد) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس و (محمد علي بكتش) قۆناغى سێیەم لە بەشی شیکارى تاقیگەى پزیشکى، ناوچە کەلتوورییە جیاوازەکانی مۆناكۆیان بەسەركردەوە، كە بە یەکێک لە ناوەندە ئابووری و گەشتیارییە هەرە ناودارەکانی ئەوروپا دادەنرێ.
لە کاتی گەشتەکەیاندا، فێرخوازان سەرەتا گەشتیان بەناو کەناراوە سەرنجڕاکێشەکانی دەریای ناوەڕاستی مۆناکۆدا کرد، کە بە دیمەنە ناوازە و ئاوە خاوێن و ژیانی کەناراوەکانی ناسراون، پاشان فێرخوازان سەردانی ناوچەی “مۆنتی کارلۆ”یان کرد، کە یەکێکە لە ناودارترین ناوچەکانی جیهان بۆ بواری بازرگانی، گەشتیاریی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی، لە وێستگەیەكی دیكەی سەردانەكەیاندا، فێرخوازان قەسرە ناودارەکەی “مۆنتی کارلۆ کازینۆ” (Monte-Carlo Casino)یان بەسەركردەوە، کە زۆرجار لەلایەن خاوەنکاران، وەبەرهێنەران و کەسایەتییە کاریگەرە جیهانییەکانەوە سەردان دەکرێت.
مۆناکۆ میرنشینێکی سەربەخۆیە و دەکەوێتە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست لە ڕۆژئاوای ئەوروپا. بە شێوەیەکی تەواو لەلایەن فەڕەنساوە دەورە دراوە.






