فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە بۆنەیەکی زانستیی باڵادا ئامادە دەبن و لەگەڵ نوێترین زانیارییەکانی بواری تەندروستی پێست ئاشنا دەبن
لە چوارچێوەی گرنگیدان بە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و کرداری فێرخوازان و دروستکردنی پردێکی پەیوەندی لەنێوان خوێندنی ئەکادیمی و کەرتی تەندروستی، ژمارەیەک لە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٨ی تەمموزی ٢٠٢٥، بەشدارییان لە کۆنفرانسێکی زانستیی تایبەت کرد کە بەبۆنەی “ڕۆژی جیهانیی تەندروستی پێست”ەوە ڕێکخرابوو.
کۆنفرانسەکە، کە لە هۆتێل شیراتۆن بە ئامادەبوونی بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر و، ژمارەیەکی بەرچاو لە پزیشکان، پسپۆڕان و شارەزایانی بواری تەندروستی بەڕێوەچوو، لەلایەن “ڕێکخراوی تەندروستی ئاشتی” بە هەماهەنگی لەگەڵ “سەنتەری هەولێری فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی پێست” ڕێکخرابوو.
تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە چەندین بابەتی زانستی و پزیشکیی گرنگی لەخۆگرتبوو، کە لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانەوە پێشکەش کران. بابەتەکان بریتی بوون لە شێوازەکانی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی پێست، هۆکارەکانی تووشبوون، نوێترین ڕێگاکانی چارەسەر و، پێشکەشکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لەم بوارەدا.
بەشداریی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر، کە پێکهاتبوون لە بەشی بایۆمیدیکاڵ، ڕەنگدانەوەی ستراتیژیەتی زانکۆیە بۆ پێکەوەبەستنی لایەنی تیۆری لەگەڵ پێداویستییە کردارییەکانی بازاڕی کار. بۆ فێرخوازانی بایۆمیدیکاڵ، ئەمە دەرفەتێک بوو بۆ ئاشنابوون بە لایەنە کلینیکی و تەکنەلۆژییە نوێیەکانی بواری تەندروستی پێست.
زانکۆی جیهان-هەولێر بەردەوام هانی فێرخوازانی دەدات بۆ بەشداریکردن لەم جۆرە چالاکییە زانستییانەدا، بە ئامانجی فراوانکردنی ئاسۆی زانستیان و ئامادەکردنیان وەک پسپۆڕی لێهاتوو بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە لە داهاتوودا.