فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە شانشینی سعودیە لە میانەى کۆنفرانسێکدا ئەزموونەکانیان دەخەنە ڕوو
گروپێک لە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر سارا محمد حمید لە بەشی بایۆمیدیکاڵ، بەشداریان لە پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانست و لێهاتوویی و توانا لە بواری دەرمانسازی و ژەهرزانیدا کرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە لە ڕۆژانى (22 -23 نیسانی 2024) لە شانشینى سعودیە بەڕێوەچوو، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر، کە لە کۆلێژى دەرمانسازی و بەشەکانى بایۆمیدیکاڵ و شیکاری بایۆکیمیایی پزیشکی بەشداریان کردوە، لە میانەى بەڕێوەچونى کۆنفرانسەکەدا توانا و لێهاتوویی ئەکادیمی و تێگەیشتنی قووڵی خۆیان لە بوارەکانى دەرمانناسی و ژەهرزانیی نیشان دا.
پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانین، لێهاتوویی و توانا لە دەرمانسازی و ژەهراویبووندا سەکۆیەکی بە نرخى و گرنگى بۆ فێرخوازان دابینکرد بۆ ئەوەی ئاگادار نوێترین توێژینەوە و ڕەوتە سەرهەڵداوەکان و باشترین پراکتیزەکانی پیشەسازیدا بن. هەروەها دەرفەتی ئاشنابوونى لەگەڵ توێژەرانی پێشەنگ لە سەرانسەری جیهان ئاسانتر کرد.
بەشداری چالاکانەی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە کۆنفرانسەکەدا پابەندبوونی زانکۆکە بۆ پێشخستنی باشی ئاستى خوێندنی فێرخوازان لە بوارەکانى دەرمانسازی و ژەهرزانییدا دوپات دەکاتەوە.