فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە هەڵەبجە بەشداری لە هەشتەمین سیمپۆزیۆمی توێژینەوە زانستییە نایابەکان دەکەن
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٢/١٢/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی “مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى” لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییان لە (هەشتەمین سیمپۆزیۆمی زانستی بۆ توێژینەوە نایابەکان) کرد، کە لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
ئەم ڕووداوە زانستییە گەورەیە، بە چاودێری و ئامادەبوونى نەخشە ناسیح پارێزگای هەڵەبجە و بە هەماهەنگی لەگەڵ “دەزگای ڕوانگە” و “ڕێکخراوی کەی-ساینس (K-Science)” ڕێکخرابوو. تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەکادیمیستان، توێژەران و بەرپرسانی حکومی ئامادەبوون، تەوەری سەرەکی سیمپۆزیۆمەکە بریتی بوو لە نرخاندن و پێداچوونەوەی ئەو توێژینەوە زانستییانەی کە خاوەن کاریگەرییەکی بەرزن. ئەو توێژینەوانەی وەک “نایاب” دەستنیشان کرابوون، کە لەبەر ڕۆشنایی سیستمێکی زانستی جیهانی هەڵسەنگاندنیان بۆ کرابوو و، پێداچوونەوەیان بۆ زیاتر لە (٤.٦ ملیۆن) توێژینەوەی زانستی لە سەرانسەری جیهاندا کردووە. پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنەکە پشتی بە “ئیندێکسی ئاماژەپێدان (Citation Index)”، “کاریگەری توێژینەوە” و “کوالێتی ئەکادیمی” بەستبوو، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئاشناکردنی ئامادەبووان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی پێوانەکردنی ئاستی زانستی.
لە ماوەی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکاندا، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارییەکی کارایان کرد لە گفتوگۆ زانستییەکان و گوێبیستی نمایشکردنی چەندین توێژینەوەی نایاب بوون. هەروەها دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە لەگەڵ شارەزایانی بوارە جیاوازەکان ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن، ئەمەش وایکرد فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی توێژینەوە بن لەسەر ئاستی جیهانی و تێبگەن لەوەی چۆن توێژینەوەیەکی کاریگەر دەتوانێت گۆڕانکاری لە بوارە زانستییەکاندا دروست بکات.






