فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵندا سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد
فێرخوازانی بەشەکانی میدیکاڵ و ئەندازیاری تەلارسازی زانکۆی جیهان-هەولێر، لە پۆڵندا سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لەو وڵاتە کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (2/3/2022) فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ زیاد رەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وارشۆ کۆبونەوە.
لە کوبونەوەکەدا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای بەخێرهێنانیان بۆ پۆڵندا، ستایشی توانا و لێهاتوویی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێریان کرد، کە توانیویانە ئەو دەرفەتە بەدەست بهێنن و، کۆرسێکی خوێندنیان لەو وڵاتە تەواو بکەن، هیواشی خواست لە ماوەی مانەوەیان و تەواوکردنی کۆرسەکەیان لە پاڵ پەرەپێدان بەتوانا زانستیەکانیان لە پسپۆڕییەکانیان، لەهەمانکاتدا هەوڵ بدەن پردێکی زانستی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پۆڵندا دروست بکەن، بەتایبەت لە ئاستی فێرخوازان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کورستان لە پۆڵندا گفتوگۆیان لەبارەی کێشە و ئاستەنگەکان کرد، بۆ ئەوەش زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی و پشتیوانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان دوپات کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتی (٣/٣/٢٠٢٢) فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداریان لە چالاکیەک کرد، کە لەلایەن Erasmus plus بۆ فێرخوازانی نێودەوڵەتی لە وارشۆ ڕێکخرابوو، لە چالاکیەکەدا فێرخوازان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا لە نزیکەوە ئاشنای کەلەپور و کەلتور و خواردنی نەتەوە جیاکان بن، بەتایبەت ئەوانەی لە چوارچێوەی بەرنامەی Erasmus plus لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە دەخوێنن.