فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵندا سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقیان لەو وڵاتە كرد
لە پەراوێزی تەواوكردنی كۆرسێكی خوێندن لە وڵاتەكەدا و، لە چوارچێوەی سەردان و بەسەركردنەوەی دامەزراوە و ناوچە جیاوازەكان و، دیدار و كۆبونەوەكانیان، فێرخوازانی زانكۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵندا سەردانی باڵێۆزخانەی كۆماری عێراقی فیدراڵییان لە وارشۆ كرد.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی (29/11/2025) شاندی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر، كە پێكهاتبوون لە (سيدرا نهاد اسحق، ريا امير عبّدالجبار، و أڤين رعد محمد) قۆناغى چوارەم لە بەشی کارگێڕى کار و، (إبراهيم زكي محمد صالح) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى چارەسەرى سروشتى، (محمد علي بكتش) قۆناغى سێیەم لە بەشی شیکارى تاقیگەى پزیشکى سەردانی فەرمی باڵیۆزخانەی کۆماری عێراقیان کرد.
لە میانەی دیدارێكدا، كە لەگەڵ (محەمەد کەریم جەبار بەرپرسی کاروباری كەلتوری لە باڵیۆزخانە و مازن مەحمود یاریدەدەری بەڕێوەبەری ژمێریار) كۆبونەوە گفتوگۆ لەبارەی خستنەڕووی بەرنامە ئەکادیمییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر و، ئەو ڕۆڵە کارایەی کە زانکۆ لە بواری پەرەپێدانی خوێندنی نێودەوڵەتی دەیگێڕێت كرا، بۆ ئەوەش فێرخوازان تیشکیان خستە سەر پێگەی زانکۆی جیهان-هەولێر لەسەر ئاستی جیهان و عێراق و هەرێمی كوردستان، ڕونیشیان كردەوە زانكۆی جیهان-هەولێر یەکێکە لە چالاکترین دامەزراوە ئەکادیمییەکانی عێراق لە ڕووی ناردنی فێرخوازان بۆ زانكۆ پێشەنگەكانی دەرەوەی وڵات بە مەبەستی خوێندن و بەدەستهێنانی ئەزموونی جیهانی.
لە بەرامبەردا (محەمەد کەریم جەبار) دوای بەخێرهێنانی فێرخوازان، خۆشحاڵی خۆی دەبڕی بە بوونی ئەو ژمارەیەی فێرخوازان لە زانكۆكانی پۆڵندا، هەروەك بە گرنگیەوە ستایشی كار و هەنگاوەكانی زانکۆی جیهان-هەولێری كرد و، جەختی لەسەر گرنگیی فراوانكردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییە عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان کردەوە.





