فێرخوازانی شیکارى تاقیگەى پزیشکى سەردانی نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەکەن
بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ئاشناکردنی فێرخوازان بە ژینگەی کاری پراکتیکی لە تاقیگە پێشکەوتووەکاندا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٦/١/ ٢٠٢٦، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاریی تاقیگەیی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دابان کانەبی ڕەشید)، سەردانێکی زانستی مەیدانییان بۆ تاقیگەی نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەنجامدا.
سەرەتا فێرخوازان لە لایەن (عومەر عەلی حوسێن) پێشوازییان لێکرا، پاشان هاوەڵى کردن و گەشتێکی ناساندنی بۆ ناو بەشە جیاوازەکانی تاقیگە بۆ ڕێکخستن. لە سەرەتادا، فێرخوازان ئاشنای میتۆدی وەرگرتنی نموونە پزیشکییەکان (Samples)، شێوازی دۆکیومێنتکردنیان لە سیستمی کۆمپیوتەری تاقیگە و چۆنیەتی کۆدکردن و ڕێکخستنی ڕێڕەوی نموونەکان لە نێوان یەکە جیاوازەکاندا بوون، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە تێکەڵبوون یان هەڵەیەکی تەکنیکی.
دواتر فێرخوازان بەشی هستۆپاسۆلۆجی – (Histopathology) ـیان بەسەرکردەوە، کە تێیدا ڕوونکردنەوەی وردیان دەربارەی زنجیرەی کارەکان پێدرا؛ لە وەرگرتنی شانەکان و جێگیرکردنیان (Fixation)، پاشان چارەسەرکردن و ئامادەکردنی قاڵبی پارافین، تا دەگاتە قۆناغی بڕینی پارچە تەنکەکان (Sectioning) و ڕەنگکردنی سڵایدەکان (Staining)، هەر لەم چوارچێوەیەدا، تیشک خرایە سەر گرنگی هەر قۆناغێک و کاریگەرییەکەی لەسەر کوالێتی سڵاید و وردی خوێندنەوەی پزیشکی لە ژێر مایکرۆسکۆبدا، هاوکات جەخت لەسەر ڕێکارەکانی سەلامەتی تاقیگەیی و بنەماکانی دابینکردنی کوالێتی (Quality Control) کرایەوە.
لە وێستگەیەکى دیکەی سەردانەکەدا، فێرخوازان ئاشنای ئامێری (Alegria) بوون کە تایبەتە بە دەستنیشانکردنی نەخۆشییە بەرگرییەکان (Immunological Diseases). تێیدا کورتەیەکی زانستی دەربارەی شێوازی کارکردنی ئامێرەکە، جۆری ئەو پشکنینە بەرگرییانەی ئەنجامی دەدات، و میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ نموونەکان بەر لە پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی پێشکەش کرا.







