فێرخوازانی شیکاری کیمیایی پزیشکی سیستمی کۆنترۆڵی کوالیتی لە هەولێر KMCA بەسەردەکەنەوە
سەرۆکایەتی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکی مەیدان و زانستی بۆ سێنتەری کۆنترۆڵی جۆری و ستاندردکردن (KMCA) لە شاری هەولێر ڕێکخست.
ڕۆژی دووشەمە رێکەوتی (١٧/١٠/٢٠٢٢)، بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر (ئەکرەم موراد ڕوستەمینیا ) و یاریدەدەری تاقیگە (نور عبدالرحمن خالص) فێرخوازانى قۆناغی دووەم سێنتەری کۆنترۆڵی جۆری و ستاندردکردن (KMCA) بەسەرکردەوە و، لەلایەن سەرپەرشتیاران و لێپرسراونى تاقیگەکان لە سێنتەرەکە پێشوازیان لێکرا.
لەو چوارچێوەیەدا، لەلایەن لێپرسراوانى تاقیگەکە فێرخوازان ئاشناى وردی چۆنیەتی کارکردن لە سێنتەرەکە کران، بەتایبەت لە ڕووی چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو نموونانەی کە بە مەبەستی پشکنین وشیکردنەوە لە شوێنە جیاوازەکان وەردەگیرێن و لە تاقیگەکان پشکنینیان بۆ دەکرێ، ئەوەشیان ڕونکردەوە دواى دەرکەوتنى دەرئەنجامى پشکنینەکان، بەنوسراوى ڕەسمى بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ڕاپۆرتێکی ورد ڕەوانە دەکرێ.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لە نزیکەوە لەلایەن سەرپەرشتیارانی پسپۆڕ زانیارى پێویستیان پێدرا لەبارەى کاری هەریەک لە بەشەکان بە جیا، سەردانەکەش بووە وێستگەیەک بۆ بەستنەوەى لایەنى پراکتیکى بەو وانانەى لە زانکۆ دەخوێندرێن، لەکۆتایشدا لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاس و پێزانین ئاراستەى سێنتەری ستانداردکردن و کۆنترۆڵی جۆریی هەولێرKMCA کرا.