فێرخوازانی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لێهاتووییەکانی وتاردان و سەرکردایەتی پەرەپێدەدەن
ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییان لە خولێکی ڕاهێنانی پرۆفیشناڵدا کرد ، کە لە لایەن (ئەکادیمیای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ وتاردان و سەرکردایەتی – تۆستماستەرز) ڕێکخرابوو.
خولەکە لە ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (2026/1/16) لە هۆڵی “فێرن کافێ” و، بە ئامادەبوونی ئەندامانی یانەکانی تۆستماستەرزی هەولێر و مووسڵ بەڕێوەچوو. دکتۆر (ئامینە سەباح مەحموود جومعە)، سەرۆکی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان، سەرپەرشتى چالاکیەکەى فێرخوازانى دەکرد، لە میانەى بەڕێوەچوونى ڕاهێنانەکەشدا جەخت لە سەر ئامادەکارییە میتۆدییەکان بۆ پێشبڕکێکانی وتاردان لە ئاستی یانەکان، ناوچەکە (عێراق و میسر) و هەرێمەکە (عێراق، میسر، بەحرەین و کووەیت) کرایەوە، بۆ ئەوەش فێرخوازان ئاشنای بنەماکانی داڕشتنی وتار، تەکنیکەکانی پێشکەشکردن و پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن بوون.
هەر لەو خولەدا، کە وەک ئامادەکارییەکە بۆ گەیشتن بە پێشبڕکێ جیهانییەکانی وتاردان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ (مایران بەسام) کە دەرچووی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکییە و ئەندامێکی چالاکی تۆستماستەرزە، لە ڕاهێنانەکەدا بەشدار بوو. فێرخوازانیش جەختیان لە گرنگی ئەم جۆرە چالاکییانە کردەوە بۆ بەهێزکردنی متمانە بەخۆبوون و لێهاتوویی سەرکردایەتی لە ژیانی پیشەیی داهاتوویان دا.







