فێرخوازانی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی هۆشیارییان سەبارەت بە ڕێکارەکانی تەندروستی و پاکوخاوێنی بڵاودەکەنەوە
لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییە بەردەوامەکانی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى تەندروستى، سەرۆکایەتى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى هۆشیارى تایبەت تەندروستی و پاکوخاوێنی لەنێو قوتابیانى قوتابخانەکاندا بەڕێوەبرد.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٥)، ژمارەیەک فێرخوازی قۆناغی دووەم، بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر زەهراخان مەعروف تاهر، سەردانی قوتابخانەی خانی قوبادی بنەڕەتی لە شاری هەولێریان کرد و، لە لایەن مامۆستا فەخرەدین موحسین قەساب بەڕێوەبەری قوتابخانە بەڕێز و مامۆستا کوردستان نادر بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان لە هۆڵی چالاکى قوتابخانەکەدا فێرخوازانی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی چالاکیەکەیان پێشکەش بە قوتابیانی پۆلی پێنجەم کرد و، باسى شێوازی پاکوخاوێنی دروست و ڕێکارە سەرەتاییەکانی تەندروستیان کرد، هاوکات تیشکیان خستە سەر ستراتیژییەکانی خۆپارێزی بەتایبەت لە نەخۆشییە درمیەکان لەناو ژینگەی قوتابخانەدا، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک ئامۆژگارى جیایان پێشکەش بە قوتابیان کرد.
لە وێتسگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا فێرخوازانى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى پۆستەرێکی پەروەردەییان پێشکەش بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کرد، کە گرنگترین ڕێکارەکانی تەندروستی و پاکوخاوێنی تیایدا ڕوون کرابوەوە. هەروەها فێرخوازان شیرینییان بەسەر قوتابیانى قوتابخانەکەدا دابەشکرد. لە کۆتایشدا فێرخوازانی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی سوپاس کارگێڕی قوتابخانەکەیان کرد بۆ پێشوازی گەرم و هاوکارییان لە سەرخستنی ئەم چالاکییە هۆشیارییە.