فێرخوازانی چارەسەری سروشتی لایەنە تاقیگەییەکانی پشکنینی شانەکان لە نەخۆشخانەی میهرەبانی بەسەر دەکەنەوە
بۆ قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی فێرخوازان بۆ میکانیزمەکانی تووشبوون بە نەخۆشی لەسەر ئاستی وردبین گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی چارەسەری سروشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٤ی شوبات ٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستییان بۆ تاقیگەی شانەناسیی نەخۆشییەکان لە نەخۆشخانەی میهرەبانی ئەنجامدا.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی دکتۆر (هەڤاڵ سەردار) بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنیاندا، شاندی فێرخوازان لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ (دکتۆر تێنیا تاریق) سەرپەرشتیاری تاقیگەی شانەناسی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلی دەربارەی ئەرکەکانی تاقیگە و قۆناغەکانی کارکردن پێشکەشى فێرخوازان کرد و، بەوردى باسى لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نموونەی شانەکان، جێگیرکردن (Fixation)و، دروستکردنی قاڵبی شانەیی بۆ فێرخوازان کرد. پاشان فێرخوازان بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشنای پرۆسەی بڕین (Sectioning) بوون کە لەرێگەی ئامێری (Microtome)ـەوە ئەنجام دەدرێت بۆ دەستکەوتنی پارچەی زۆر تەنک کە شیاوی پشکنین بێت لە ژێر مایکرۆسکۆپدا، جگە لە ناسینی تەکنیکەکانی ڕەنگکردنی شانە وەک (H&E staining).
لە وێستگەیەکى گرنگی سەردانەکەیاندا، دکتۆر تێنیا تاریق شێوازی جیاکردنەوەی خانە سروشتییەکان و خانە شێرپەنجەییەکانی بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە، ئەوەش لە ڕێگەی تێبینی کردنی گۆڕانکارییەکان لە شێوەی خانە، قەبارەی ناوک و ڕێکخستنی خانەیی. ئەم ڕوونکردنەوە پراکتیکییە یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی فێرخوازان لە جیاوازییە مرۆیی و نەخۆشییەکانی نێوان شانە تەندروست و تووشبووەکان تێبگەن.








