فێرخوازانی کارگێڕی کار ئاشنای میکانیزمەکانی بەڕێوەبردن دەبن لە نووسینگەی ناوەندیی نەهێشتنی تاوانی هەولێر
سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (3/2/2026)، گەشتێکی زانستیی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی چوارەم بۆ “نووسینگەی ناوەندیی نەهێشتنی تاوانی هەولێر” ڕێکخست.
ئەم سەردانە زانستییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ڕاز ئازاد جەلال) بەڕێوەچوو. لەگەڵ گەیشتنیان، شاندی زانکۆ لە لایەن (عەقید هیسەم جرجیس) بەڕێوەبەری نووسینگەی ناوەندیی نەهێشتنی تاوان و (موقەدەم محەمەد سەباح) بەڕێوەبەری هۆبەی زانیاری، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا، (عەقید هیسەم جرجیس) سیمینارێکی وردی بۆ فێرخوازان پێشکەش کرد، تێیدا تیشکی خستە سەر کار و چالاکییەکانی نووسینگەکە و میکانیزمە نوێیەکانی کارکردن لە دەزگاکەدا. هەروەها ڕوونکردنەوەی پێویستی دا دەربارەی پرۆسەکانی دۆزینەوەی تاوان، دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی گۆڕدراو و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ شوێنی تاواندا.
لە بەشێکی تری گەشتەکەدا، (موقەدەم محەمەد سەباح) یاوەری فێرخوازانی کرد بۆ بەسەرکردنەوەی بەشی کارگێڕی (ئیدارە)، کە هۆبەکانی زانیاری و (هاتن و دەرچوون) لەخۆدەگرێت. لەم بەشەدا فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای سیستمی (DMS) بوون، کە سیستمێکی پێشکەوتووی بەڕێوەبردنی داتا و بەڵگەنامەکانە و بەشێوەیەکی گشتی بۆ ڕێکخستنی کاروباری کارگێڕیی نووسینگەکە بەکاردەهێنرێت.
ئەم سەردانە مەیدانییە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ فێرخوازان تاوەکو لە نزیکەوە ئاشنای ژینگەی کارکردنی دامەزراوە حکومییەکان و سیستمە کارگێڕییە مۆدێرنەکان ببن. لە کۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی تەواوی ستافی نووسینگەی ناوەندیی نەهێشتنی تاوانی هەولێر کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە بەنرخە.







