فێرخوازانی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر ئاشنای ڕێکارە کارگێڕییەکانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ڕزگاری دەبن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٢٦/١/٢٠٢٦)، سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغە جیاوازەکانی بەشەکە بۆ “بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ڕزگاری” ڕێکخست.
ئەم چالاکییە زانستییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) بەڕێوەچوو. لەگەڵ گەیشتنیان، شاندی فێرخوازان لە لایەن (ڕێباز قاسم میرانی) بەڕێوەبەری شارەوانی ڕزگاری بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان، لە دیدارێکدا لەگەڵ (هیوا میرانی) بەرپرسی یەکەی یاسایی و جێگری بەڕێوەبەر، هانی فێرخوازانی دا کە تەنها پشت بە پسپۆڕییەکەیان نەبەستن، بەڵکو هەوڵی فێربوونی پیشە و شارەزایی تریش بدەن. هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کەرتی تایبەت دەرفەتی گەورە و داهاتێکی باش بۆ گەشەپێدانی تواناکان دەڕەخسێنێت و نابێت تەنها چاوەڕوانی دامەزراندن بن لە کەرتی گشتیدا.
دواتر، فێرخوازان بە هاوەڵی جێگری بەڕێوەبەر، هەر پێنج بەشە سەرەکییەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەسەرکردەوە، کە پێکهاتبوون لە بەشەکانی: (یاسایی، تەکنیک، کارگێڕی، موڵکایەتی و ژمێریاری). لە بەشی تەکنیکدا، ڕوونکردنەوە درا کە ئەم بەشە وەک بناغەی شارەوانی دادەنرێت و هەموو نەخشەدانانەکان لێرەوە دەستپێدەکات. لە بەشی موڵکایەتیدا، فێرخوازان ئاشنای شێوازی پاراستنی داتا و ژمارەى زەوییەکان بوون. هەروەها لە بەشی کارگێڕی و ژمێریاریدا، تیشک خرایە سەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی فەرمانبەران و تۆمارکردنی پسوڵە و داهاتە داراییەکان و گەڕانەوەیان بۆ خەزێنەی حکومەت.
ئەم گەشتە زانستییە بووە دەرفەتێکی گرنگ بۆ فێرخوازان تا لە نزیکەوە وەڵامی پرسیارەکانیان دەربارەی کارگێڕی کار دەستبکەوێت و تێگەیشتنێکی وردیان بۆ پێکهاتەی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان پەیدا ببێت. لە کۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ڕزگاری و تەواوی ستافەکەیانی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە و پێشکەشکردنی زانیارییە بەپێزەکان بە فێرخوازان.







