فێرخوازانی کۆلێژى پزیشکی ددان هەڵمەتێکی تەندروستی و خێرخوازییان لە قوتابخانەی فاخر مێرگەسۆری ئەنجامدا
فێرخوازانی قۆناغی دووەمی کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٦)، چالاکییەکی مرۆیی و تەندروستییان لە قوتابخانەی بنەڕەتی ئینگلیزی (فاخر مێرگەسۆری) ئەنجامدا.
ئەم دەستپێشخەرییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ساوێن تەحسین تەها) بەڕێوەچوو، سەرەتا لەلایەن دکتۆر (ساماڵ مێرگەسۆری) بەڕێوەبەری قوتابخانە و (ئەرشەد حەمەد) یاریدەدەری بەڕێوەبەر پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. لە میانی سەردانەکەدا، فێرخوازانی پزیشکی ددان پشکنینی گرووپی خوێن و ڕێژەی شەکریان بۆ قوتابیان ئەنجامدا بۆ هەڵسەنگاندنی باری گشتی تەندروستییان. هاوکات، ڕێنمایی وردی پەروەردەیی دەربارەی پاکوخاوێنی دەم و ددان پێشکەش کرا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکر و شیرینی لەسەر ددانەکان بۆ قوتابیان ڕوون کرایەوە، هەروەها شێوازی دروستی بەکارهێنانی فڵچە و مەعجونیان بۆ پاراستنی ددانەکانیان نیشان دا.
لە بەشێکی تری هەڵمەتەکەدا، ئەو منداڵانەی کە پێویستیان بە چاودێریی زیاتری پزیشکی هەبوو دەستنیشانکران و فڵچە و مەعجونی ددان بەسەر هەموو قوتابیاندا دابەش کرا بۆ هاندانیان بۆ چاودێریی ڕۆژانە. دکتۆر ساماڵ سوپاسی سەرۆکایەتى زانکۆی جیهان-هەولێری کرد بۆ ئەم ئاوڕدانەوە مرۆییە و سوپاسنامەی ڕێزلێنانی بەخشییە سەرپەرشتیاری چالاکییەکە، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی زانستە پزیشکییەکانە لە خزمەتکردنی چینەکانی کۆمەڵگەدا.







