فێرخوازانی کۆلێژی دەرمانسازی سیمینارێکی هۆشیاری پزیشکی لە قوتابخانەی ساڤا ئەنجام دەدەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١٨ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکیەکى هۆشیارییان بۆ قوتابیانی پۆلی دوازدەیەمی قوتابخانەی ساڤای ئەهلی بەڕێوەبرد.
ئەم چالاکییە لەلایەن فێرخوازانی قۆناغی چوارەم (یوسف عەلی، عەبدوڵا یونس، و یوسف شەرحبێل) و (نسرین خالید) فێرخوازی قۆناغی سێیەم و، بە سەرپەرشتی یاریدەدەری تاقیگە (ئایا قەیسەر) ئەنجامدرا. سەرەتاش شاندی زانکۆ لەلایەن (هانا سەلام) بەڕێوەبەری چالاکییەکانی قوتابخانە و، ژمارەیەک لە مامۆستایانەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لە بەشی یەکەمی سیمینارەکەدا، هەریەک لە فێرخوازان (یوسف عەلی، عەبدوڵا یونس، و یوسف شەرحبێل) بە وردی و بەشێوەیەکى پسپۆڕیی باسیان لە دەرمانسازی و لقە سەرەکییەکانی وەک (دەرمانسازیی کلینیکی، کۆمەڵگە، نەخۆشخانە، و پیشەسازیی دەرمان)یان بۆ قوتابیان کرد. هەروەها تیشکیان خستە سەر ڕێڕەوی ئەکادیمی بۆ بوون بە دەرمانساز و بەرپرسیارێتییە پیشەییەکانی وەک ڕێنماییکردنی نەخۆش، ناسینەوەی دەرمانەکان (Drug Interactions)و، گەرەنتیکردنی دابەشکردنی سەلامەتی دەرمان. لە تەوەرێکی دیکەلا سیمنارەکەدا، یوسف عەلی باسی لە بەکارهێنانی دروستی دژەبەکتریاکان (Antibiotics) کرد، هاوکات عەبدوڵا یونس تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی بەرگریی دژەبەکتریا لە ئاستی جیهاندا، پاشانیش یوسف شەرحبێل جەختی لە گرنگیی خوێندنەوەی زانیاریی سەر کارتۆنی دەرمان و شێوازی هەڵگرتنی دروستی دەرمانەکان کردەوە.
لایەنێکى دیکەى چالاکیەکە هۆشیارییەکە بریتیبوو لە چالاکیەکى پراکتیکی، بۆ ئەوەش فێرخواز (نسرین خالید) چەندین پشکنینی پزیشکیی سەرەتایی وەک دیاریکردنی گرووپی خوێن و پێوانەکردنی ڕێژەی شەکرەی بۆ قوتابیان ئەنجامدا. ئەو فێرخوازە بە وردی هەنگاوەکانی پشکنین و شێوازی بەکارهێنانی ئامێرەکان و ڕێکارەکانی ڕێگری لە گواستنەوەی هەوکردنی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە.
چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی قوتابیانی پۆلی دوازدەم کۆتایی هات و، تێیدا بڕوانامەی ڕێزلێنان بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا بۆ هاندانیان لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و تەندروستییان.









