فێرخوازان لەسەر پلان و ڕێکخستنى جۆرە جیاوازەکانى دایەتێتیکس ڕاهێنانیان پێ دەکرێ
وەک بەشێک لە دیدگە و تێڕوانینى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى مەعریفەى فێرخوازان بە بوارە جیاوازەکانى دایەتێتیکس بەتایبەت لە بوارە جیاوازەکانى پلان و ڕێکخستنى دایەتێتیکس، ڕاهێنانى پراکتیکى بە فێرخوازان دەکرێ.
ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (٢٠/٤/٢٠٢١) سەرۆکایەتى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتى مامۆستا (رغد جومرد) چالاکیەکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشەکەى ڕێکخست، کە تایبەت بوو بەڕاهێنانى فێرخوازان بەشێوەیەکى پراکتیکى لەسەر چۆنیەتى پلاندانان و ڕێکخستنى جۆرە جیاوازەکانى سیستمى خۆراکى و دایەتێتیکس بەپشت بەستن بەجۆرى نەخۆشى یان ئامانجى پلانەکە کە پێویستى بەزیادبوونى کێشە یاخود کەمکردنەوەى کێش هەیە.
بەشێکى دیکەى ئەو چالاکیە ئاشناکردنى فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس بە نرخى ئەو خۆراکانەى کە لە بازارە ناوخۆییەکان هەیە بەبەراورد بەجۆر و کواڵیتیان و ڕێژەکانیان و شوێنى بەرهەمهێنانیان، هەروەها بۆ زانینى نرخى ژەمە خۆراک و خواردنەوەکانە لە چێشتخانەکانى هەولێر و، چۆنیەتى ئامادەکردنى لیستى خۆراک لە هۆتێل، چێشتخانە، فرۆکەخانە و نەخۆشخانەکان لەبەر ڕۆشنایی بودجەیەکى دیاریکراودا.