
فێرخوازان هەڵسەنگاندن بۆ تەندروستى و سەلامەتى خواردنگەکان دەکەن
دواى تەواوکردنى لایەنە تیۆرى و زانستییەکانى بابەتى سەلامەتى خۆراک و کاروبارى تەندروستى خۆراک و، بۆ جێبەجێکردنى ئەو زانیارییانەى لە چوارچێوەى ئەو بابەتە لە کۆرسى یەکەمى ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) بەدەستییان هێناوە، بــهشی نیـوتریشـن و دایـەتێتـکس لە زانکۆى جیهان فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى دابەشى سەر (٦) گروپ کرد.
هەر یەک لەو گروپانە، لە ڕێکەوتى (٢٤/١٢/٢٠٢٠) سەردانێکى مەیدانیان بۆ یەکێک لە چێشتخانەکانى شارى هەولێر ئەنجامدا و هەڵسەنگاندنیان بۆ سەلامەتى خواردنەکان کرد بەتایبەت لە ڕووى وەرگرتنى خۆراک لە فرۆشیار و کۆگاکردنیان، قۆناغەکانى ئامادەکردن، قۆناغى کۆڵدان و برژاندن، قۆناغەکانى پێشکەشکردنى خۆاردن بۆ کڕیاران، ئاستى کاروبارى تەندروستى و پاکوخاوێنى چێشتخانەکان، ئاستى هۆشیارى چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەکان و فڕێدانیان، لەگەڵ دیزانینى چێشتخانەکان و گونجانیان لەگەڵ بڕوانامەکان.
هەریەک لەو گروپانە دواى ئەوەى چاودێرى سەرجەم ئەو پڕۆسە و هەنگاوانەیان کرد، ئینجا لە چوارچێوەیەکى زانستیدا و, بەسوود وەرگرتن لە میتۆدەکانى فێربوون هەڵسەنگاندنى تەواویان بۆ هەریەک لەو لایەنانەى چێشتخانانە کرد و پێشکەشى بەشیان کرد.
ئەم جۆرە سەردان و هەڵسەنگاندنانە بەهەنگاوێکى گرنگى زانستى دادەنرێ بۆ فێربوونى فێرخوازان بەشێوەیەکى مەیدانى و ئاشنابوون بەو کەموکوڕییانەى لە چێشتخانە و کافتریاکان هەیە، هەروەک هەنگاوێکى گرنگیشە بۆ فێرخوازان کە دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن بتوانن لە شوێنى کارکردنیان بەشێوەیەکى تەواو زانستى جێبەجێیان بکەن و، کۆمەڵگەش بەکەموکوڕییەکانى خۆراک ئاشنان بکەن و فێریشیان بکەن خۆراکى سەلامەت و تەندروست چۆنە.