فێرخوازان و مامۆستایانى بەشی ڕاگەیاندن نزیکەى (٤٠٠) کتێب و سەرچاوەی زانستی و ئەدەبیان بەخشییە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ
بە مەبەستی پشتگیریکردن لە بنیاتنانەوەی کایە مەعریفییەکان، سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە (٢٢/٢/٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ گەیاندنی نزیکەی ٤٠٠ کتێب و سەرچاوەی زانستی بۆ کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ئەنجامدا.
ئەم دەستپێشخەرییە دوای ئەوە هات کە کتێبخانەی چەمچەماڵ بەهۆی لافاوە بەهێزەکەی ساڵی ڕابردووەوە زیانێکی گەورەی بەرکەوت و زۆربەی سەرچاوەکانی لەدەست دا. شاندی زانکۆ کە پێکهاتبوو لە مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەکەریم) و فێرخوازی قۆناغی سێیەم (سەرکار حوسێن حەمەد)، لەلایەن مامۆستا (هێرش عەبدولڕەحمان محەمەد) بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەی چەمچەماڵ پێشوازییان لێکرا.
لە میانی سەردانەکەدا، شاندی بەشی ڕاگەیاندن باڵەخانەی زیانلێکەوتووی کتێبخانەکەیان بەسەرکردەوە، دواتر سەردانی ئەو هۆڵەیان کرد کە کارمەندان و خۆبەخشان خەریکی ڕێکخستنەوەی ئەو کتێبە نوێیانە بوون کە لە لایەن دامەزراوە جیاوازەکانەوە بۆیان نێردرابوو. مامۆستا هێرش عەبدولڕەحمان محەمەد، بەڕێوەبەری کتێبخانە، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەڵمەتی کۆکردنەوەی کتێبە نیشانەی هەستکردنی زانکۆیە بە بەرپرسیارێتیی کەلتووری و ڕۆشنبیری بەرامبەر بە ناوچەکە و، جەختی کردەوە کە ئەم هاوکارییانە دەبنە مایەی ئاوەدانکردنەوەی دووبارەی ئەم ناوەندە گرنگە.
لای خۆیەوە، مامۆستای یاریدەدەر ئەحمەد جەمال حەمەکەریم هاوخەمیی زانکۆی جیهان-هەولێری بۆ ئەو زیانە گەورەیە دەربڕی و ڕایگەیاند: بەخشینی ئەم ٤٠٠ کتێبە تەنها هەنگاوی یەکەمە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی کتێبخانەکە تا دەگاتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
هاوکات فێرخواز سەرکار حوسێن حەمەد، وەک نوێنەری فێرخوازانی بەشەکە، بەشدارییەکی کارای لە گەیاندن و ڕادەستکردنی سەرچاوە زانستییەکان کرد، کە بوارە جیاوازەکانی وەک ڕاگەیاندن، یاسا، مێژوو و زانستە گشتییەکانی لەخۆگرتبوو. چالاکییەکە بە ڕادەستکردنی فەرمیی کتێبەکان کۆتایی هات، کە وەک هەوڵێکی ئەکادیمی بۆ زیندووکردنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ تۆمار کرا.







