فێرخوازێكی بەشی ڕاگەیاندن ئامادەی یارییەكانی جامی سوپەری ئیسپانیا دەبێت
ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 7-1-2026، یارییەكانی جامی سوپەری ئیسپانیا لە وڵاتی سعوودیە دەستیپێكرد و، فێرخوازێكی بەشی ڕاگەیاندنیش بەمەبەستی ئامادەبوون لە یارییەكان بە سەردانێك گەیشتووەتە ئەو وڵاتە.
ڕەهەند گۆران، فێرخوازی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندنە لە زانكۆی جیهان-هەولێر و هەواداری تۆپی پێیە، لە ئێستادا لە وڵاتی سعوودیەیە بەمەبەستی ئامادەبوون لە یارییەكانی جامی سوپەری ئیسپانیا كە لەنێوان چوار یانەی خولی ئیسپانیی ئەنجام دەدرێت. یاریی یەكەمی پاڵەوانێتییەكە لەنێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ئاتلێتیك بلباو لە یاریگای (شا عەبدوڵڵا) لە شاری جەددەی سعوودیە بەڕێوەچوو و ڕەهەند گۆران ئامادەی یارییەكە بوو. یارییەكە بە ئەنجامی 5 گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی یانەی بەرشەلۆنە كۆتایی هات.
بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو یاریی كۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەڕێوەبچێت، ڕەهەند گۆرانیش توانیویەتی بلیتێكی یارییەكە بەدەستبهێنێت و، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی ئەو یارییە دەكات.








