فێرخوازێكی بەشی ڕاگەیاندن لە قوتابخانەی بەحرکەی کچان باس لە هۆکارەکانى زیادبوونی فشاری دەروونی دەکات
لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گەنجان و ناساندنی مەترسییەکانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر زیادبوونی فشاری دەروونی، ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 1-2-2026، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، فێرخوازێكی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سیمینارێکی بۆ قوتابیانی قوتابخانەی (بەحرکە)ـی کچان سازکرد.
موحەممەد جیتۆ، فێرخوازی قۆناغی چوارەم لە بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی جیهان-هەولێر، سەردانی قوتابخانەی (بەحركە)ـی كچانی كرد و، لەلایەن مامۆستا (شیلان محێدین) بەڕێوەبەری قوتابخانەكە پێشوازیی لێ كرا. تەوەری سەرەکیی سیمینارەکە بریتی بوو لە “کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا لەسەر زیادبوونی فشاری دەروونی”.
لە بەشی یەكەمی سیمینارەكەدا، فێرخواز ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارهێنانی نادرووستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتە هۆی درووستبوونی دیاردەی “بەراوردکاریی کۆمەڵایەتی”، کە تێیدا گەنجان ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان بە وێنە و ژیانی نموونەیی و دەستکاریراوی کەسانی دیكە بەراورد دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانەبەخۆبوون و زیادبوونی دڵەڕاوکێ.
لە بەشێكی دیكەی سیمینارەكەدا، موحەممەد جیتۆ باسی لەوە كرد کاتێک گەنجان بێ هۆشیاریی مامەڵە لەگەڵ زانیارییەکان دەکەن، دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو پەیامانەی کە ئاڕاستە کراون بۆ گۆڕینی ڕەفتار یان بیرکردنەوەیان. جەختی کردەوە کە پێویستە گەنجان تەنها وەرگر نەبن، بەڵکو بە دیدێکی ڕەخنەگرانە سەیری ناوەڕۆکەکان بکەن و ڕێگە نەدەن پەیامە نەرێنییەکان ببنە هۆی تێکدانی هاوسەنگی دەروونییان.
لە كۆتایی سیمینارەكەدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی (بەحركە)ـی كچان سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی فێرخواز موحەممەد جیتۆ كرد بۆ پێشكەشكردنی ناوەڕۆكی سیمینارەكە و، هیوای خواست ئەنجامدانی ئەو جۆرە چالاكییانە بەردەوامییان هەبێت بۆ هۆشیاركردنەوەی زیاتری گەنجان و قوتابیان.






