فێرخوازێکى بەشى زانستی کۆمپیوتەر سیستمێکی داهێنەرانە بۆ بەرگری پەرەپێدەدات
سەلیم حاجى کە فێرخوازى قۆناغى چوارەمى بەشی زانستی کۆمپیوتەرە لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ليث رزوقي فليح لە چوارچێوەى پڕۆژەى دەرچونى سیستمێکی داهێنەرانە بۆ بەرگری پەرەپێ دەدات.
لەو چوارچێوەیەدا و، لە پەراوێزى حەوتەمین کۆنفرانسى زانستى پرۆژە نایابەکانى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لە ڕۆژانى (٢٧ و ٢٨/٤/٢٠٢٥) بەڕێوەچوو، کەناڵى ئاڤا دیدارێکى لەگەڵ ئەو فێرخوازە ئەنجامدا و دواتریش بڵاوکرایەوە، لە میانەى چاوپێکەوتنەکەى ئەو فێرخوازە باسى لە پرۆژەکەى کرد و، ڕونیکردەوە، کە (GBDS) سیستمێکی بەرگری پێشکەوتووە بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە سەربازییە مۆدێرنەکان داڕێژراوە، ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنی هەڕەشەکانی وەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشی فیزیکییەوە دروست دەبێ، چونکە زۆرجار سیستمی بەرگری تەقلیدی شکست دەهێنێت لە دەستنیشانکردن یان وەڵامدانەوەی کاریگەرانە بۆ ئەم هەڕەشە بەشێوەیەکى خێرا، بەڵام ئەو لە پرۆژەکەیدا وەک لە چاوپێکەوتنەکەى باسیکرد مۆدێلێکی بەرگری تێکەڵاوى خستۆتە ڕوو، کە فێربوونی ئامێر و چاودێریکردنی کاتی ڕاستەقینە و تەکنیکەکانی کۆنترۆڵکردنی دەستی تێکەڵ دەکات بۆ بەدەستهێنانی وردبینی و متمانەپێکردنى زیاتر لە وەڵامدا. هەروەها سیستمەکە تواناى ئەوەى هەیە زیاتر لە (٢٠٠) شت لە یەک کاتدا بکاتە ئامانج، ڕونیشیکردەوە
وەک ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر ئاماژەى پێدا (GBDS) پێکهاتووە لە ئاردینۆ و ماتۆڕی (DC) ئاماژەدەری لەیزەر و کامێرای چاودێری بێ وایەر و لە ڕێگەی ڕووکارێکی گرافیکییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت کە لە پایتۆن دروستکراوە. مۆدێلی فێربوونی ئامێر لە پلاتفۆرمی ڕۆبۆفلۆوە بەکاردەهێنێت بۆ دەستنیشانکردن و پۆلێنکردنی دەستبەجێی شتە فڕیوەکان، ئەم سیستمە بە پرۆژەیەکى گرنگ دادەنرێت، کە لە داهاتودا لە بوار سەربازیدا بەکار بێ.