فێرخوازێکى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى وەک خۆبەخش لە کەمپەینی جوانکردنی شاردا بەشدار دەبێت
کۆمەڵە لاوێکى خۆبەشی بەهرەمەندی شاری هەولێر، کەمپینێکیان بە ناونیشانی (ڕەنگاڵە) ڕاگەیاندووە، بۆ لادان و سڕینەوەی هەموو ئەو نوسراوە ناڕێک و ناشیرینانەی کە وەک دیاردەیەکی نەشاز لە گەڕەک و کۆڵان و شەقامە گشتیەکانی شاری هەولێر نوسراون، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک خۆبەخش بەشدارى لە هەڵمەتەکەدا کردوە.
شەپۆل شەماڵ ڕەمزی، فێرخوازى قۆناغی سێیەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، کە وەک خۆبەخش بەشداریی لە چالاکیەکانى هەڵمەتەکەدا بۆ جوانکردنی شاری هەولێر کردوە، دەستپێکى چالاکى کەمپینەکەیان لە ڕازاندنەوە و بۆیاخکردنی دیوارەکانی سەر شەقامی 150 مەتری و شەقامی 120 مەتری هەولێر لە ڕۆژانی هەینی و شەممە و یەکشەممە ڕێکەوتى (10-12/10/2025)، دەستى پێکرد.
لە میانەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر و لاوە خۆبەخشەکان، سەرەتا هەموو ئەو نوسراوە ناڕێک و ناشیرینانەیان لابرد، کە لەسەر دیوارەکانی سەر شەقامی 150 مەتری و شەقامی 120 مەتری نوسرا بوون، دواتریش دیوارەکانیان به وێنەی ئاڵای کوردستان و کاری دیکەی هونەری نەخشاند.
کەمپینەکە، لەلایەن ڕێکخراوی مەیپڵ تری، ڕیکخراوە و، لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانی هەولێر سەرپەرشتی دەکرێ، بۆ ئەوەى دیوارەکان لە برى وتەى نەشیاو و ناشرین ببنە تابلۆیەک بۆ گەیاندنى پەیامی ئاشتی، یەکڕیزی و پاراستنى کەلتورى و ناسنامەیی. بۆ ئەوەش ئەندازیار کارزان هادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر بەشداریی لە چالاکییەکانى هەڵمەتەکەدا کرد بۆ پشتگیریکردن و هاندانی خۆبەخشەکان، لە وتەیەکیشدا سوپاس و ستایشی فێرخوازان و گەنجە خۆبەخشەکانى کرد، کە هەوڵى جوانکردنى سیماى شارى هەولێر دەدەن.