فێرخوازێکى بەشى ڕاگەیاندن بەشدارى لە خولێکى کونسوڵگەرى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ساختە دەکات
فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە خولێکى ڕاهێنانى تایبەت بە بەرنگاربونەوەى هەواڵى ساختە و زانیارى ناڕاست دەکات، کە لەلایەن ڕێکخراوى ئاشتى و ئازادى بە پاڵپشتى کونسڵگەرى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان ڕێکخرابوو.
سروە کامیران یونس، کە فێرخوازى قۆناغی چوارەمە لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان – هەولێر بۆ ماوەى سێ ڕۆژ بەشداری لە خولەکەدا کرد، ئامانجی خولەکە ڕاهێنانی ڕۆژنامەنووسان و فێرخوازانى ڕاگەیاندن لە زانکۆکان بوو بۆ ناسینەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەواڵی ساختە، لە مەراسیمى کردنەوەى خولەکەدا سنجر سامان، بەڕێوەبەری پرۆژە لە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی ڕایگەیاند: لەم خولەکەدا ( 100) ڕۆژنامەنووس و فێرخواز لە بەشەکانی ڕاگەیاندن بەشداریان کردوە، خولەکە بە چوار قۆناغ بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی بەشداربووانی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەخۆ بگرێت. هەر بەو بۆنەیەوە پامێلا هاک (Pamela Hack) جێگری کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، جەختی لە گرنگی هەبوونی ڕۆژنامەنووسانی متمانەپێکراو و پیشەیی کردەوە بۆ بەدیهێنانی شەفافیەت و لێپرسینەوە.
لەماوەى بەڕێوەچونى ڕۆژانى خولەکەدا، بەشداربوان بەشێوەیەى تیورى و پراکتیکى ڕاهێنانیان پێکرا تا بەشێوەیەکى دروست ڕوبەڕوى هەواڵى ساختە و زانیارى ناڕاست ببنەوە، لەو بارەیەوە سروە کامەران یونس، فێرخوازى بەشی ڕاگەیاندن وتى: خولەکە سودى زۆری بۆمان هەبوو، بەتایبەتی کە بابەتەکانى خولەکە هاوتەریب بوون لەگەڵ بابەتە ئەکادیمیەکانی زانکۆ لە بابەتی هەواڵی ساختە و شێوازەکانی پشتڕاستکردنەوەی زانیاری، وتیشى هەواڵى ساختە یەکێک لە ئاڵنگارییەکان کە ڕوبەڕوى ڕۆژنامەنوسان و هاوڵاتیان دەبێتەوە، بۆیە داوای لە هەموو لایەک دەکەم، کە وریا بن لە ڕاپۆرتکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان بەتایبەت لە سایتەکانی سۆشیال میدیا، چونکە کاریگەری بەرچاویان لەسەر ئاسایش و ئارامی کۆمەڵگە هەیە، داواشی لە ڕۆژنامەنووسان کرد بە وردبینییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیاریدا بکەن.