فێرخوازێکى بەشى ڕاگەیاندن بەشدارى لە خولێکی ڕاهێنانی تایبەت بە پشتگیریکردنی کێشەکانی ژنان دەکات
لەبەر ڕۆشنایی ئامانجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی بەردەوام، فێرخوازێکى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە خولێکی ڕاهێنان کرد، کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە لە شانشینی یەکگرتووەوە ڕێکخرابوو. لە خولەدا سەرنج خرایە سەر داکۆکیکردن لە پرسەکانی ژنان لە بواری پەرەپێدانی بەردەوام.
لەو خولەدا، کە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (12/1/2025 ) دەستى پێکرد و بۆ ماوەى دوو ڕۆژ لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو، بنەوشە پێشڕەو فێرخوازى قۆناغى چوارەمى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى تیادا کرد، لە میانەى بەڕێوەچونى خولەکەدا ڕاهێنانى پێویست بە بەشداربوان کرا و زانیارى پێویستیان پێشکەشکرا بۆ بەرگریکردن لە یەکسانی جێندەری و مافەکانی ژنان لە چوارچێوەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی. هاوکات تیشک خرایە سەر پابەندبوون بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانى توانای بەشداربوان ئەوەی ببنە دەنگێکی بەهێزی پرسەکانی ژنان. بۆ ئەو مەبەستەش بنەوشە پێشڕەو وتى: خۆشحاڵم کە بەشدارى خولێکى لەو جۆرەم کردوە، چونکە بەهۆیەوە دەتوانن گۆڕانکارى ئەرێنى لە پرسەکانى ژنان و ئافرەتان بکەم.
ئەم خولە، کە بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە بەریتانیا، لەوانە “ژن بۆ ژنانی نێودەوڵەتی” و “لێکۆڵەر” ڕێکخرابوو، ئامانجەکەی بەهێزکردنى تواناکانى ژنان و کچان و ئافرەتانە لە سەرانسەری جیهاندا، هەربۆیە ئەم ڕێکخراوانە کار دەکەن بۆ دابینکردنی پەروەردە و چاودێری تەندروستی و پشتگیری یاسایی بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهان، هەموو ئەوانەش ڕاستەوخۆ بەشدارن لە گەیشتن بە ئامانجەکانىی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام بەتایبەت ئامانجى سێیەم کە تایبەتە بە (تەندروستی باش و باشبوون) و، ئامانجی چوارەم تەرخانکراوە بۆ (پەروەردەی باش)، هەروەک ئامانجی پێنجەم تایبەتە بە (یەکسانی ڕەگەزی).
زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥) بڕیاریدا بە چەندین ئاست کار بکات بۆ جێبەجێکردن و بەدەیهێنانى ئامانجەکانى نەتەوەیەگرتووەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام، هاندان و بەشداریکردنى فێرخوازان لەم خولى ڕاهێنان و وۆرکشۆپ و سمینارانەش بەشێک لەو پلانى کارەى دەستیپێکردوە، چونکە لە ڕێگەیەوە ئەزموون و زانیارییەکی بە نرخ پێشکەش بە فێرخوازان دەکات، کە ئەوەش بەشدارییەکی سەرەکی لە پێشخستنی مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری لەسەر ئاستی جیهانی دابین بکات، کە لە کۆتاییدا یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و داهاتوویەکی گەش و بەردەوام بۆ هەمووان.