فێرخوازێکى بەشی یاسا مێژووی خەبات و نەهامەتییەکانی گەلی کورد لە بۆ قوتابیانى ئامادەیی بەردەقارەمان باس دەکات
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستی و مەیدانییەکاندا، (نازناز کاهین عەبدولڕەحیم) فێرخوازى قۆناغی دووەمی بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر، لە ئامادەیی (بەردەقارەمان)ی کچان لە شارۆچکەى شەقڵاوە، بەشدارى لە چالاکیەکى قوتابخانەکە بۆ پشتگیریکردن لە کوردانى ڕۆژئاوا کرد و، بابەتێکى هۆشیاریی گشتى بە ناونیشانی (وێستگەکانی خەبات و مەینەتییەکانی گەلی کورد) پێشکەش کرد.
لە سەرەتای چالاکییەکەدا، لە لایەن خاتوو (پەروین محەمەد ڕەسوڵ) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە پێشوازی لە فێرخوازەکەى زانکۆی جیهان کرا. دواتر لە نێو کەشێکی کارلێکەردا، نازناز کاهین دەستی بە پێشکەشکردنی بابەتەکەى کرد و تیشکی خستە سەر مێژووی پڕ لە ئاڵێنگاری و ئەو نەهامەتییانەی لە سەردەمی نوێدا ڕووبەڕووی گەلی کورد بوونەتەوە، بۆ ئەوەش تیشکی خستە سەر وێستگەی هەرە گرنگی مێژووی سیاسی کورد کە ئەویش ڕاگەیاندنی “کۆماری مەهاباد” بوو؛ تێیدا بە وردی شیکردنەوەی بۆ کاریگەرییە دەروونی و سیاسییەکانی ئەم کۆمارە کرد لە داڕشتنی خەونی کورد و بەردەوامیی کاروانی تێکۆشاندا.
لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەیدا بە شکۆوە ئاماژەی بە قوربانییە مەزنەکان کرد و لایەنە تراژیدییەکانی کۆمەڵکوژیی (بارزانییەکان)ی وەک برینێکی قووڵ لە یادەوەری مرۆڤایەتیدا وەسف کرد. پاشان بە شێوازێکی بابەتیانە باسی لە پرسی (کوردە فەیلییەکان) و پرۆسەى ئەنفال و بۆردومانکردنى هەڵەبجە بە چەکى کیمیایی کرد و، جەختی کردەوە کە ئەوان بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاوی ناسنامەی کوردستانن و ڕووبەڕووی ستەمێکی گەورە بوونەتەوە.
لە کۆتاییدا، (نازناز کاهین) لە ڕوانگەیەکی یاسایی و مێژوویی سادەوە باسی لە پرۆسەی (ڕیفراندۆم)ی هەرێمی کوردستان کرد و وەک لوتکەی دەربڕینی دیموکراسیی ئیرادەی گەلێکی ئازادیخواز پێناسەی کرد.
لای خۆیەوە، خاتوو پەروین محەمەد ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری ئامادەیی بەردەقارەمان، دەستخۆشی و شانازیی خۆی بۆ ئاستی بەرزی فێرخوازەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر دەربڕی و سوپاسی زانیارییە ورد و بەپێزەکانی کرد.






