فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە باڵیۆزخانەى عێراق لە پۆڵندا بابەتێکى لەبارەى کەشوهەواى عێراق پێشکەشکرد
لە پەراوێزى تەواوکردنى قۆناغەکانى کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences)لە پۆڵاندا؛ هاجەر محەمەد عەلى فێرخوازى بەشى (چارەسەرى سروشتى) ڕۆژى هەینی ڕێکەوتى (24/1/2025( لە باڵیۆزخانەی عێراق لە وارشۆ سمینارێکى سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و ئاڵنگارییە بەردەوامیەکانى عێراق پێشکەشکرد.
لەو سمنارەدا، کە هەریەک لە باڵیۆز ئەحمەد عەلی سەعدى باڵیۆزى عێراق لە پۆڵندا و، دکتۆر محەمەد ئەلخالقانى لێپرسراوى کاروبارى کەلتور و، نەشوان هاشم بەرپرسى کاروبارى ڕۆشنبیرى و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسانى باڵیۆزخانەکە و فێرخوازان ئامادەیبوون، هاجەر محەمەد عەلى بەشێوەیەکى زانستى و ورد باسى لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسە دۆخی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستی عێراقیەکان کرد، ڕونیشیکردەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەبیابانبوون و وشکەساڵی و کێشەکانی دیکە ژینگە لە داهاتودا عێراق ڕوبەڕوى ئاڵنگارى زۆر دەبێتەوە، لە بەشێکى دیکەى باسەکەیدا ڕونکردنەوەى لەسەر کۆڕ و کۆنفرانسە نێودەوڵەتى و ناوخۆییەکان بۆ ڕوبەڕووبونەوەى کێشەکان ئاڵنگارییەکان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، بۆ ئەوەش باسى لە پێویستى پشتگیریکردنی بیرۆکەکانی گەنجان و هەوڵەکانی ڕێکخراوە تایبەتمەندەکان کرا بۆ ڕەخساندنى دۆخێکى ژینگەیی لە بارتر بۆ هاوڵاتیان عێراق بەتایبەت و مرۆڤایەتى بەشێوەیەکى گشتى.
لە کۆتاییدا باڵیۆزى عێراق لە پۆڵندا و، سەرجەم ئامادەبووان ستایشی ئەو هەوڵانەیان کرد و سوپاسی زانکۆی جیهان-هەولێریان کرد بۆ پاڵپشتی بەردەوامی گەنجان و ستایشی سەرۆکایەتى زانکۆی جیهان-هەولێریشیان کرد بۆ ئەو پرۆگرامە گرنگەى کە دەستیان پێکرد و، ساڵانە گروپى جیاجیا هەڵدەبژێرن و ڕەوانەى زانکۆکانى پۆڵندا و وڵاتانى دیکەیان دەکەن بۆ تەواوکردنى کۆرسى خوێندن و تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، کە بەهۆیەوە ئەزمونێکى نوێ فێردەبن و سودى بۆ بوژانەوەى سەرەخان و ژێرخانى وڵات دەبێ.