فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى بەرنامەیەکى تەلەڤزیۆنیدا بە گرنگیەوە باس لە ڕۆڵى گرنگى زانکۆ تایبەتەکان لە پەرەپێدان و دابینکردنى کادیری پسپۆڕى دەکات
نیان عوسمان، فێرخوازى قۆناغی چوارەمی بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لەلایەن کەناڵى (ئاڤا میدیا) وەک فێرخوازێکى زانکۆ میواندارى بەرنامەی “ئەملا و ئەولا” کرا، تەوەری بەرنامەکە لەسەر پرسی “کام لە کۆلێژەکان، ئەهلی یان حکومی، دەتوانێت پزیشکی باشتر پێبگەیەنێت؟”، لەو چوارچێوەیەشدا نیان عوسمان دیدگایەکی ورد و شیکارییانەی لەسەر ئەم پرسە خستەڕوو، بەتایبەت لەبارەی گرنگیی پسپۆڕیکردن و ڕۆڵی زانکۆ تایبەتەکان لە دابینکردنی هەلی خوێندن و پەرەپێدانی توانا زانستییەکان.
گرنگیی پسپۆڕی لە بواری تەندروستیدا
نیان عوسمان سەرەتا ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی سیستمی خوێندنی پەرستاری و تەندروستی لە ڕابردوودا دا، بۆ ئەوەش باسی ئەوەی کرد کە لە پێشوودا، پەرستاران بە گشتی پەیمانگەی پەرستارییان تەواو دەکرد و لە هەموو بەشەکاندا کاریان دەکرد بەبێ بوونی پسپۆڕیی دیاریکراو. بەڵام ئێستا، کردنەوەی بەشە پسپۆڕییە جیاوازەکان لە زانکۆکاندا بە “کارێکی باش” وەسف کرد. ئەم گۆڕانکارییە وایکردووە کە هەر کەسێک پسپۆڕییەکی تایبەت بە خۆی هەبێت و لە بوارەکەی خۆیدا کار بکات، ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کوالێتی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەبێت. خاتوو نیان وەک نموونە، ئاماژەی بە تەواوکردنی بەشی شیکاری و دانانی دەرمانسازى کرد ئەوەش بەهۆى نەبوونی پسپۆڕیی لە کۆمەڵگەدا.
ڕۆڵی زانکۆ تایبەتەکان لە دابینکردنی هەلی خوێندن
خاتوو نیان عوسمان جەختی لەوەش کردەوە، کە زۆرێک لە فێرخوازان بەهۆی بارودۆخێک یان نمرەیەکی کەم لە قۆناغی ئامادەییدا، ناتوانن لەو بەشەی دڵیان دەیەوێت لە زانکۆ حکومییەکان وەربگیرێن. ئەو ئەمەی بە “کارەساتێک” وەسف کرد بۆ فێرخوازێک کە هەموو ئاواتی ژیانی ئەوە بووە بەشێک بخوێنێت کە بە دڵی خۆی بێت و لەبەر پۆینتێک بێبەش کراوە. لەم ڕوانگەیەوە، نیان عوسمان بوونی زانکۆ تایبەتەکانى بە “شتێکی خۆشحاڵی” و “جێگرەوەیەکی باش” دەزانێت بۆ ئەو فێرخوازانە، کە دەتوانن لەو زانکۆیانەدا بەشە دڵخوازەکانیان بخوێنن.
گرنگی ماستەر و هەلی کار لە زانکۆ تایبەتەکان
لە بەشێکى دیکەى بەشدارییەکەیدا ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر باسی لەوەش کرد کە ئێستا لە کاتی نەبوونی دامەزراندن لە کەرتی حکومیدا، ئەوانەى ماستەر تەواو دەکەن دەتوانن سوود لە هەلی کار لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان وەربگرن. ئەو ئەمەی بە لایەنێکی “پۆزەتیڤ” وەسف کرد، چونکە ئەو کەسانەی خوێندنی ماستەر تەواو دەکەن، دەتوانن لە زانکۆ و پەیمانگەکان وانە بڵێنەوە و خوێندنەکەیان پڕاکتیزە بکەن، هەروەها نەوە نوێیەکان پەروەردە بکەن و پێکەوە بگونجێن.
کوالیتی و بزنسی زانکۆ تایبەتەکان
تەوەرێکى دیکەى قسەکانى نیان عوسمان لەبارەی ئامانجی زانکۆ تایبەتەکان ڕایگەیاند: هەرچەندە قازانج لایەنێکی گرنگە بۆ بەردەوامی و ئیدارەدانی ئەو شوێنانە و دابینکردنی ئامێر و پێداویستییەکانیان، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە زانکۆ تایبەتەکان تەنها بۆ قازانج هەن. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر زانکۆ تایبەتەکان کوالیتییەکی باش پێشکەش نەکەن، خەڵک لێیان دوور دەکەوێتەوە و بزنسەکەیان شکست دەهێنێت. هەر بۆیە، نیان عوسمان لەگەڵ ئەو بۆچوونەدایە کە پێویستە ژمارەی زانکۆ تایبەتەکانسنووردار بکرێن، بۆ ئەوەی بتوانن کوالیتی خوێندن بپارێزن و ئامانجی سەرەکییان پەروەردەکردنی کادرێکی لێهاتوو بێت نەک تەنها قازانج.
بەگشتی، نیان عوسمان لە میانەى بەشداریکردنى لە بەرنامەکەدا وەک فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر تیشکی خستە سەر پێویستیی پەرەپێدانی سیستمی خوێندنی باڵا بە شێوازێک کە هەلی خوێندن بۆ هەمووان بڕەخسێنێت، لەگەڵ پاراستنی کوالیتی و پەرەپێدانی پسپۆڕییەکان لە بواری تەندروستی و پزیشکیدا.