فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر مۆزەخانەی گواستنەوەی (درێسدن) لە ئەڵمانیا بەسەر دەکاتەوە
لە ناوەندی شاری مێژوویی درێسدێن، یەکێک لە ناوەندە دیارەکانی گەشەسەندنی گواستنەوەی مرۆڤ بە درێژایی مێژووى تێدا نمایش کراوە، ئەوەش مۆزەخانەى گواستنەوەى درێسدن (Dresden Transport Museum )ە، بۆ ئاشنابوون و بینینى جۆرەکانى ئامێر و شێوازەکانى گواستنەوەى فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئەو مۆزەخانەیەى بەسەرکردەوە.
موجتەبا سەباح عبدالحسن لە بەشى (نیوتریشن و دایەتێتیکس)، کە لە ئێستادا بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە چوارچێوەى ڕێککەوتنامەیەکدا لە زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) لە پۆڵندا دەخوێنێ، لە پشوەکانى ساڵى نوێدا سەردانى ئاڵمانیانى کرد و بەشەکانى مۆزەخانەى مۆزەخانەى گواستنەوەى درێسدن .
وەک ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر باسیکرد مۆزەخانەکە چەند بەشێکى لە خۆگرتوە، ئەوانیش هەر لە مۆدێلی یەکەم ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەری هەڵمیەوە تا فڕۆکەی مۆدێرن و ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێدا نمایش کراوە، وتیشى مۆزەخانەکە دەرفەتێکی ناوازە بۆ سەردانیکەران دەڕەخسێنێت بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لەسەر گواستنەوە، ئەوەش نەک تەنها وەک ئامرازێک بۆ گواستنەوە، بەڵکو وەک فاکتەری گرنگ بۆ گۆڕینی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگە، چونکە لە مۆزەخانەکەدا تیشک خراوەتە سەر ڕۆڵی گواستنەوە لە پێشخستنی بازرگانی جیهانی و دڵنیابوون لە گواستنەوەی پێداویستی خۆراک لە نێوان هەرێمەکاندا.
موجتەبا سەباح عبدالحسن ڕونیشیکردەوە، کە سەردانەکەى بووە دەرفەتێکی گرنگ بۆ بیرکردنەوە لە پەیوەندی نێوان داهێنانی تەکنەلۆژی و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ، چونکە لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى مۆزەخانەکەدا ئەوەت بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە چۆن ئامرازەکانى گواستنەوە بەشداری لە کەمکردنەوەى مەوداکان و یەکخستنى ئابوورییە جیاوازەکان کردوە.