فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر مۆزەخانەی زانستی (NEMO) لە ئەمستردام بەسەردەکاتەوە
سیبان نەوزاد ئیسماعیل لە بەشی (شیکاریی کیمیایی پزیشکى)لە زانکۆی جیهان-هەولێر، لە پەراوێزى تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن زانکۆی وۆچ (University of Lodz) لە پۆڵەندا، سەردانی هۆڵنداى کرد و مۆزەخانەی زانستی (NEMO)ی کرد لە ئەمستردام بەسەرکردەوە.
فێرخوازەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەسەرکردنەوەى بەشە جیاکانى مۆزەخانەکە و ئاشنابوون بەلایەنە جۆراوجۆرەکانى مۆزەخانەکە وتى: مایەى خۆشحاڵیمە کە لە پەراوێزى خوێندنەکەم دەرفەتێکی ناوازەم بۆ ڕەخسا توانیم یەکێک لە بەناوبانگترین ناوەندە زانستییەکانی هۆڵەندا ببینم، کە تایبەت بە زانست و تەکنەلۆژیا، وتیشى مۆزەخانەکە لە پێنج نهۆمی پێکدێت، هەریەکەیان تایبەتە بە لایەنێکی جیاوازی زانست و تەکنەلۆژیا، لەوانە نمایشکردنى جەستەی مرۆڤ و لایەنى تەندروستی و DNA بە تێگەیشتن لە پرۆسەی بایۆلۆژی، هەروەها لە نهۆمى تایبەت بە وزە و ئەندازیاری، نمایشی وزەی نوێبووەوە و کارەبا و میکانیکی کراوە، هەروەم نهۆمێکى دیکەشیان گرنگی بە کیمیا دەدات و، لەوێدا ڕێگە بە سەردانیکەران دەدرێت تاقیکردنەوەی بچووک ئەنجام بدەن و فێری کارلێکە کیمیاییەکان ببن و، چەندین بابەتى دیکەى زانستى و تەکنەلۆژیى تێدا نمایش کراوە.
مۆزەخانەی زانستی (NEMO) لە ساڵی (١٩٩٧) دامەزراوە، سیبان نەوزاد ئیسماعیل چالاکانە بەشداری لە تاقیکردنەوە دەستییەکان و نمایشە کارلێککارەکاندا کرد و، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە بەهۆى سەردانەکەوە ئەزمونێکى نوێ فێربووە و، زانیارییەکانی لە بوارە زانستییە جیاوازەکاندا فراوانتر بوە و، ئاستى بەشداریکردنی لە بوارى پەروەردە و زانست بەهێزتر کردوە.