فێرخوازێکى زانکۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵندا سمینارێکى لەبارەى پێشکەوتنی ئابووری هەرێمى کوردستان پێشکەش کرد
لە چوارچێوەی کارە بەردەوامەکانى فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵندا، دیار ئەسکەندەر سەلیم بابەکر، فێرخوازى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سیمینارێکی گرنگى لە زانکۆی وۆچ (University of Lodz) لە پۆڵندا پێشکەشکرد.
ئەم سیمینارە، کە لەلایەن فاکەڵتی ئابووری و کۆمەڵناسی زانکۆی وۆچ ڕێکخرابوو، ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٧/٥/٢٠٢٥) بەڕێوەچوو تیایدا تیشک خرایە سەر “تایبەتمەندییەکانی ئابووری هەرێمی کوردستان و کێشە هەڵبژێردراوەکانی کلتووری ئیسلامی و دارایی”. سیمینارەکە بە وتاری کردنەوەی پڕۆفیسۆر ماریوش سۆکۆلۆڤیچ (Prof. Mariusz Sokołowicz)، ڕاگری فاکەڵتی ئابووری و کۆمەڵناسی، و پڕۆفیسۆر تۆماش دۆرۆژینسکی (Prof. Tomasz Dorożyński)، بەڕێوەبەری پەیمانگای ئابووری، دەستیپێکرد.
پاشان دیار ئەسکەندەر سەلیم بابەکر، فێرخوازى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر، کەلە ئێستادا لە زانکۆی وۆچ خەریکی تەواوکردنی کۆرسێکی خوێندنە بابەتێکى گرنگی بە ناونیشانی “لە نێوان دوو شاردا – گەشتێک لە هەولێرەوە بۆ ڵۆدز” پێشکەش کرد. پێشکەشکردنەکەی ڕەنگدانەوەی جیاوازی و لێکچوونەکانی نێوان ئەو دوو شارە بوو، هەروەها تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم گەنجان لە دەستکەوتنی هەلی کار. هەر لە میانەى باسەکەیدا ئاماژەى بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە هێنانەکایەی ئابوورییەکی سەربەخۆ و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی، وەک نموونە چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و دوورمەودای خستەڕوو کە بۆ تەواوی پارێزگاکانی هەرێم جێبەجێ کراون، لەوانەش پڕۆژەکانی هەژماری من، JOBS.KRD، پڕۆژەی فریاگوزاری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خاوێن، پڕۆژەی ڕۆناکی و کارەبای 24 کاتژمێری، بەپیشەسازییکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، دروستکردنی کۆمەڵگەی پیشەسازی، و گرنگیدان بە گەشتوگوزار و ڕێگاوبان، کە بوونەتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان لە سەرانسەری هەرێمدا.