فێرخوازێکى زانکۆی جیهان-هەولێر میدالیای زێڕی لەپاڵەوانێتیەکى وەرزشى بەدەستهێنا
(عبدالله فؤاد حسن) فێرخوازى بەشى پەروەردەى جەستەيی و زانسته وەرزشيیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لە پێشبڕکیەکى وەرزشیدا توانى میدالیاى زێڕ بەدەستبهێنێ.
لە ڕۆژانى (١٥/٢ تا ١٩/٢/٢٠٢٢) لە شارى بەغداد یارى مواى تاى (تاى بۆکسینگ) بۆ یاریزانانى پێشکەوتوو بەڕێوەچوو، لە یەکەم یاریدا، یاریزانێکى یانەى سەلام دواى شەڕێکى توند و لێدانێکى بەهێز توانى لە کێشى (٩١)کگم یاریەکە بباتەوە، لە یارى دوەمیشدا توانى لە هاوتاکەى لە یانەى میسان بباتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى لە یاریەکەدا پاشەکشەى کرد.
بەڵام لە یارى سێیەمدا، (عبدالله فؤاد حسن) فێرخوازى بەشى پەروەردەى جەستەيی و زانسته وەرزشيیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، توانى یاریەکە بباتەوە و میدالیاى زێڕ بەدەستبهێنێ.
لەو پێشبڕکێیەدا، کە بەچاودێرى عەدنان درجال وەزیرى وەرزش و لاوانى عێراق و، ناوەندى یەکێتیى عێراقى بۆ مواى تاى و، بەبەشدارى (٢٨٠) یاریزان، کە نوێنەرایەتى (٤٠) یانە لەسەرجەم پارێزگاکانى عێراق لە یانەى گلگامێش لە شارى بەغداد بەڕێوەچوو، چەندین ناوبژیوانى نێودەوڵەتى لە تونس و لوبنان و ئوردون یاریەکەیان بەڕێوەدەبرد.
ئەم پاڵەوانیەتیە دەبێتە بناغەى ڕاستەقینە و سەرەکی بۆ هەڵبژاردنی یاریزانانى هەڵبژاردەی نیشتیمانى، کە چاوەڕێ دەکرێ لە یارییەکانی ئاسیا و پاڵەوانێتیەکانى جیهانی بەناوى عێراق بەشدارى بکەن.