فێرخوازێکى زانکۆی جیهان-هەولێر پلەی یەکەمی پێشبڕکێیەکی ئەدەبی لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک بەدەستدەهێنێت
زێڕەڤان تەمۆ بەدۆ، فێرخوازى قۆناغى سێیەمى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر، سەرکەوتنێکى گەورەى تۆمارکرد بە بەدەستهێنانى پلەى یەکەم لە پێشبڕکێیەکى ئەدەبیدا لەسەر ئاستى پارێزگاى دهۆک، بەتایبەت لە بوارى داهێنانى ئەدەبى و ژانرى ڕۆماندا.
پێشبڕکێکە، کە بەناوى “بەریکانا بـارزانی دبیاڤێ داهێنانا ئەدەبی دا” لەلایەن لقى یەکى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕێکخرابوو، ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٢٦/٥/٢٠٢٥ لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى دهۆک بەڕێوەچوو. هەڵسەنگاندنى بەرهەمەکان لەلایەن لیژنەیەکى پسپۆڕ و ئەکادیمى و دکتۆرەکانى زانکۆوە کرابوو، کە ئەمەش ڕەهەندێکى زانستى و ئەکادیمى بە پێشبڕکێکە بەخشى.
زێڕەڤان تەمۆ بەدۆ بە ڕۆمانەکەى “بەرێ ئادەمى” بەشدارى لەم پێشبڕکێیەدا کردبوو، کە بە وتەى خۆى پێش دوو ساڵ نووسیویەتى. ئەم سەرکەوتنە دەستکەوتێکى گرنگە بۆ ناوبراو و زانکۆى جیهان-هەولێر دادەنرێ، کە دەریدەخات تواناکانى فێرخوازان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە ئاستێکى بەرزدایە. لە لێدوانێکیدا دواى وەرگرتنى خەڵاتەکەى، زێڕەڤان تەمۆ هیوای خواست لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستى داهێنەران و نووسەرانى کورد بگرن بەتایبەت گەنجان و لاوان. ئاماژەى بەوەدا: “نووسەرانى ئێمە لە داهێنان و نووسیندا دەوڵەمەندن، بەڵام لە چاپکردنى بەرهەمەکانیاندا هەژارن.”
لە کۆتاییدا، زێڕەڤان تەمۆ بەدۆ ئەم سەرکەوتنەى پێشکەش بە مامۆستایان و هاوڕێیان و هاندەران و پشتگیریکەرانى و بەتایبەت خێزانەکەى و ڕۆحى دایکى کرد. هەروەها دەیکەمە دیارییەکى تایبەتى بۆ هەموو نووسەر و ڕۆشنبیرانى کورد بێ جیاوازى و، هەموو ئەوانەى پشتەڤانانى نووسین دەکەن.