فێرخوازێکی بەشى ڕاگەیاندن ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوەی “خەمۆکیی دیجیتاڵی” بۆ قوتابیانی قەزای کفری ڕوون دەکاتەوە
فێرخوازێکى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە (٢٦ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەردانى ئامادەیی پیشەیی کفری لە قەزای کفری کرد و، سیمینارێکی بە ناونیشانی “سایکۆلۆژیای کاریگەریی دیجیتاڵی و خەمۆکی” پێشکەشى قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
ئەم چالاکییە لە لایەن (سەفین سەلام) فێرخوازی قۆناغی سێیەم و، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود) پێشکەش کرا، لە سەرەتادا فێرخوازەکەى بەشى ڕاگەیاندن لە لایەن (ئازاد باقی) بەڕێوەبەری ئامادەیی پیشەیی کفری پێشوازییەکی گەرمى لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە فێرخواز سەفین سەلام بە وردی تیشکی خستە سەر چەمکی “خەمۆکیی دیجیتاڵی (Digital Depression)” و کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی زۆری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر باری دەروونیی بەکارهێنەران. پێشکەشکارەکە بەراوردێکی زانستیی لە نێوان ژیانی ڕاستەقینە و ئەو وێنە خەیاڵییە کرد، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشان دەدرێت، بۆ ئەوەش ڕوونی کردەوە کە چۆن ژیانی “بێ کەموکوڕی”ی کەسایەتییە ناودارەکان و بەراوردکردنی بە ژیانی ئاسایی، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی خۆبەکەمزانین و دڵڕاوکێ لای گەنجان.
لە تەوەرەی کۆتایی چالاکییەکەدا، فێرخوازی زانکۆی جیهان-هەولێر کۆمەڵێک چارەسەری کردەیی بۆ پاراستنی ئارامیی دەروونی بۆ قوتابیانى ئامادەییەکە پێشنیاز کرد، لەوانە: بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکان لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان لەبری جیهانی گریمانەیی و، دیاریکردنی سنوورێکی کاتیی بۆ بەکارهێنانی مۆبایل و سۆشیاڵ میدیا بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشارەکان.
لە کۆتاییدا مامۆستا ئازاد باقی سوپاسی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد بۆ گەیاندنی ئەم بابەتە زانستییانە بۆ ناوەندە پەروەردەییەکان و بەشداریی لە هۆشیارکردنەوەی قوتابیان دەربارەی ئیتیک و شێوازی دروستی مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەم.






