فێرخوازێکی بەشی کارگێری کار سەردانی شوێنە کەلتورییەکانی شاری شەنگهای لە کۆمارى میللى چین دەکات
ڕۆژی یەکشەممە (2025/4/20)، بیلال رمضان مصطفى، کە فێرخوازێکی قۆناغی چوارەمی بەشی کارگێری کارە لە زانکۆی جیهان-هەولێر لە پەراوێزى بەشداریکردنى لە خولێکى تایبەت بە پەرەپێدان، سەردانی شوێنە کەلتوورییەکان لە شاری شەنگهایی لە کۆمارى میللى چین کرد.
لە میانەى گەشتەکەدا، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر بە هاوڕێیەتی ستافێکی زانکۆی( Shanghai Customs University)، سەردانی باخچەی یۆو (Yu Garden) کرد، کە باخچەیەکی مێژوویی و کەلتوورییە و پێگەیەکی گەورەی کەلتووری چین پیشاندەدات، ئەم باخچەیە لە ساڵی (1559) لە سەردەمی شانشینی مینگ دروست کراوە و، شێواز و ڕووکارە کلاسیکییەکانی چین پیشان دەدات.
لە وێستگەیەکى دیکەى گەشتەکەدا، بیلال رمضان مصطفى سەردانی تاوەری شەنگهای (Shanghai Tower) کرد، کە بەرزترین تاوەرە لە چین و سێیەمین بەرزترین تاوەرە لە سەر ئاستى جیهانە، بەجۆرێک ئەم تاوەرە بەرزیەکەى دەگاتە (632) مەتر، کە لە (128) نهۆم پێکهاتووە و، لە ساڵی (2015) تەواو کراوە.
ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر لە چوارچێوەى سەردانەکەیدا، لە نزیکەوە ئاشناى کەلتور و ناوچە شوێنەوارى و گەشتیارییەکانى چین بوو و، زانیاری فراوانی دەربارەی مێژوو و کەلتووری وڵاتەکە بەدەستهێنا.