فێرخوازێکی زانکۆی جیهان-هەولێر سیمینارێکی زانستی لەسەر ‘خۆخۆشویستن’ بۆ قوتابیانی ئامادەیی بەستۆڕەی کچان بەڕێوەبرد
لە چالاكییەكی زانستییدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 13-1-2026، نێرگز ئەمیر سەعید، فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، سیمینارێكی زانستیی بە ناونیشانی (خۆخۆشویستن-کلیلی ژیانێکی خۆشحاڵ) بۆ فێرخوازانی ئامادەیی بەستۆڕەی كچان لە ناحیەی بەستۆڕە ئەنجام دا.
پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە، کە بەئامادەبوونى مامۆستا بەفرین حسن عبداللە بەڕێوەبەری ئامادەیی بەستۆڕەی كچان و، سەیران محمد یاریدەدەری بەرێوەبەر و، بە بەشداریی زیاتر لە 100 فێرخواز بەڕێوەچوو. لە سەرەتادا نێرگز ئەمیر باسی لە گرنگیی خۆشەویستی خود كرد كە چەندە گرنگە بۆ هەر تاکێک لەم کۆمەڵگەیە، بەتایبەتتر لە قۆناغی ئامادەیی، هەروەها ئەوەی خستەڕوو كە دەبێت قوتابیان بۆ خۆیان لەپێش هەموو کەسێک بن پاشان ئەوانەی دیکە بە پێی نزیکی.
لە بەشێكی دیكەی سیمینارەكەدا، نێرگز ئەمیر تیشكی خستە سەر ڕێگەكانی جێبەجێكردنی خۆخۆشویستن لە ژیانی ڕۆژانەدا، لەوانە گرنگیدان بە تەندروستی دەروونی و جەستەیی، دووركەوتنەوە لە بەراوردكردنی خۆیان بە كەسانی دیكە، پەروەردەكردنی بیرۆكەی ئەرێنی لەسەر خۆیان. هەروەها باسی لە گرنگی دانانی ئامانج و خەون بۆ داهاتوو كرد و، چۆن خۆخۆشویستن دەبێتە بنەمای سەركەوتن و پێشكەوتن لە ژیاندا. فێرخوازانی ئامادەبوو چالاكانە بەشدارییان لە سیمینارەكە كرد و، پرسیارە جۆراوجۆرەكانیان لەسەر چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی هەستی خۆكەمزانین و درووستكردنی متمانەی بەخۆیان خستەڕوو.
لە كۆتاییدا، بەڕێوەبەری ئامادەیی بەستۆڕەی كچان سوپاسی بەشی ڕاگەیاندن و فێرخواز (نێرگز ئەمیر)ـی كرد بۆ پێشكەشكردنی ئەم سیمینارە گرنگە و، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم جۆرە چالاكییانە كاریگەرییەكی ئەرێنییان هەیە لەسەر پەرەپێدانی كەسایەتیی فێرخوازان و ئامادەكردنیان بۆ ژیانی داهاتوو.







