فێرخوازێکی زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس دەکات
لە بەردەوامی بەسەرکردنەوەی مۆزەخانە و ناوچە شوێنەوارییە جیاکاندا، هاجەر محمەد عەلى فێرخوازی بەشی چارەسەری سروشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، کە ئێستا بۆ تەواوکردنی کۆرسێکی خوێندن لە پۆڵندایە، لە پەراوێزی خوێندنەکەی و بەبۆنەی پشوی سەری ساڵی نوێ، سەردانی فەرەنسای کرد و، مۆزەخانەی لۆڤەری بەسەرکردەوە.
ئەو فێزخوازەی زانکۆی جیهان-هەولێر دوای بەسەکردنەوەی مۆزەخانەکە دەڵێ: خۆشحاڵم سەردانی مۆزەخانەی لۆڤەرم لە پاریس کرد، چونکە مۆزەخانەی پاریس گەورەترین مۆزەخانەی هونەری جیهانە و شوێنەوارێکی مێژووییە، شاکارەکانی وەک مۆنالیزا و ڤینۆس دی میلۆیی تێدا نمایش کراوە و، ساڵانە ملیۆنان سەردانکەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، ئەو فێرخوازەی زانکۆی جیهان-هەولێر وتیشی لە سەردانەکەمدا بۆ مۆزەخانەی لۆڤەر سەرسام بووم بە شوێنەوارە کۆنەکانی عێراق و میسر، لەوێدا یاساکانى حەمورابیم بینی، کە پادشاى شەشەمى بابلیەکان بووە لە عێراق، وتیشى یاساکان لە سەر کێلە بەردێک، بە شێوەیەکی لوولەیی داتاشراوە، گێپەڕەکەی (٦٠) سم، بەرزاییەکەی (٢٢٥)سم و نووسینەکەی لە (٤٤) خانەدا جێگەی کراوەتەوە، سەرجەم مادەکانی قانوونەکە بە (٣٠٠) مادە خەمڵێنراوە ، ڕونیشی کردەوە ئەم ئەزموونە مەیدانیەم تێگەیشتن و شارەزایمىی بۆ ئەم کەلتوورە کۆنانە و مێژووە دەوڵەمەندەکانیان قووڵتر کردەوە .
زانکۆی جیهان-هەولێر ساڵانە دەرفەتی ناوازە بۆ فێرخوازان لە بەش و قۆناغە جیاوازەکان دەڕەخسێنێ بۆ تەواوکردنی کۆرسی خوێندن لە زانکۆ پێشکەوتوەکانی وڵاتانی جیهان، واش بڕیارە ساڵی داهاتوو کۆمەڵێک فێرخوازی دیکە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆری فێرخوازان ڕەوانەی زانکۆکان لە چەند وڵاتێکی جیاواز بکات.