فێرخوازێکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی ئەکادیمیای “توستماستەرز” لە هەولێر بەشدار بوو
فێرخوازیەکی قۆناغی یەکەم لە بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی زانکۆی جیهان-هەولێر، بە شێوەیەکی کارا بەشداریی لە چالاکییەکی پەرەپێدانی لێهاتووییە پیشەییەکان کرد، کە لە لایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتی “توستماستەرز” (Toastmasters) بۆ وتاردان لە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٢/٢/٢٠٢٦ بەڕێوەچوو.
لەو چالاکیەدا، کە لە هۆڵی سەنتەری (ڤانیست) بۆ پزیشکی ددان لە هەولێر بە شێوازی (Hybrid) بەڕێوەچوو، کە تێیدا بەشداربووانی هەولێر بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ئەندامانی بەغدا و دیجلە بە شێوەی ئۆنلاین بەشدار بوون، لەو چوارچێوەیەدا فێرخواز (سۆز سەردەشت شەفیق)، بە ناونیشانی “مژدە خۆشەکان” توانی وتارێکی ڕاستەوخۆی سەرکەوتوو پێشکەش بکات و توانایەکی بەرزی لە پەیوەندیی زارەکى و ڕێکخستنی بیرۆکەکاندا نیشان دا. پڕۆگرامی “توستماستەرز” بە شێوازێکی ڕێکخراو دەرفەت بۆ بەشداربووان دەڕەخسێنێت تاوەکو مهاراتەکانی وتاردان، سەرکردایەتی، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەڕێوەبردنی کات لە ژینگەیەکی پیشەییدا پەرەپێ بدەن.
هەر لە میانەى چالاکییەکەدا، (دکتۆرە ئامینە صەباح مەحمود جوومعە) سەرۆکی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکیی، وەک ئەندام و ڕێ نیشاندەر ئامادە بوو، کە ئەمەش نیشانەی پشتگیریی بەردەوامی بەشەکەیە بۆ بەشداریی فێرخوازان لە چالاکییە دەرەکییە ئەکادیمی و پیشەییەکاندا.
بەشداریی (سۆز سەردەشت شەفیق) لەم جۆرە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییە ناودارانەدا، دەری دەخات کە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر جگە لە لایەنی زانستی، بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی کەسایەتی، سەرکردایەتی و متمانەبەخۆبوون دەدەن، کە ئەمانەش تەواوکەری ئامادەکارییەکانیانن بۆ ژیانی پیشەیی داهاتوو.







