فێرخوازێک لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس بەشداری لە خولی ڕاهێنانی ڕاهێنەران (TOT) دەکات
فێرخوازێکی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس بەشداری لە خولێکی ڕاهێنانی ڕاهێنەران ناسراو بە (TOT) لەسەر سەرکردایەتی دەکات، لەو خولەدا کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتى (٢٢/٢/٢٠٢٥) لە هۆتێل شێراتۆن لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو، ناز ئەحمەد، فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن بەشداری خولێکی ڕاهێنانی ڕاهێنەران (TOT)ی کرد.
لەو خولەدا، کە لەلایەن هۆگر دڵشاد ڕەواندزی پێشکەش کرا، تیشک خرایە سەر ڕاهێنانی پراکتیکی لەسەر سەرکردایەتی، چالاکییەکانی دروستکردنی تیم، هەروەک گفتوگۆی چڕ لەسەر چۆنیەتی پاڵنەر و ڕاهێنەری کاریگەرانەی ئەوانی تر کرا. هەر لە خولەکە بنەماکانی سەرکردایەتی سەرکەوتووی تاوتوێ کرا، بەتایبەت لە چۆنیەتی بڕیاردانی ڕەخنەگرانە، بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، بەرزکردنەوەی تواناکانی پاڵنەر و قسەکردن لەبەردەم ئامادەبووان بە متمانە و لێهاتووییەوە، جگە لەوەش، بەشداربووان فێری تەکنیکەکانى ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکان کران و ڕاهێنانیان پێکرا، هاوکات خۆگونجاندن لەگەڵ شێوازە جیاوازەکانی فێربوون و، پەرەپێدانی توانای کاریگەری دروستکردن لەسەر ژینگەکانی کارکردن و ڕاهێنان لایەنێکى دیکەى خولەکە بوو.
ئەم ئەزموونە دەرفەتێکی بەنرخی بۆ ناز ئەحمەد ڕەخساند بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی سەرکردایەتی و ڕاهێنەرایەتی، ئەمەش یارمەتیدەر بوو لە پەرەپێدانی توانای پەیوەندیکردنی کاریگەر و بەڕێوەبردنی تیم و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی لە ژیانی داهاتوویدا، لە کۆتایشدا بڕوانامەى بەشداریکردن لەلایەن ڕێکخرانى خولەکە بەسەر بەشداربووان و ناز ئەحمەد فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر دابەشکرا.