فێڕخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان هەولێر ڕادیۆی ئاکرێ بەسەردەكەنەوە
لە چوارچێوەی گەشتە زانستییەکەیاندا بۆ قەزای ئاکرێ، بەشێك لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 21-10-2025، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەکەریم)، سەردانێکی زانستییان بۆ ڕادیۆی ئاکرێ ئەنجامدا.
فێرخوازان و مامۆستای سەرپەرشتیار لەلایەن (کەمال ڕەمەزان) بەڕێوەبەری ڕادیۆی ئاکرێ پێشوازییان لێکرا و سوپاسی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد بۆ ئەم سەردانە زانستییە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەسەرکردنەوەی ڕادیۆکە. لە وتەیەكدا، بەڕێوەبەری ڕادیۆ تیشکی خستە سەر مێژووی کارکردنی ڕادیۆکە و باسی لە ڕۆڵی گرنگی ئەم دەزگا ڕاگەیاندنییە کرد لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی ناوچەکە لەسەر کایە جیاوازەکانی وەک ژینگە، کۆمەڵایەتی و تەندرووستی و هەمیشە هەوڵی داوە دەنگی ڕەسەنی خەڵک بێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕادیۆی ئاکرێ وەک قوتابخانەی یەکەم بۆ زۆربەی ڕۆژنامەنووسانی دیاری ناوچەکە کاریکردووە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا بەڕێوەبەری ڕادیۆی ئاکرێ باسی لە ڕۆڵ و پێگەی ڕادیۆ کرد لە پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووسان و سەرەتای چوونە ناو کاری مەیدانی ڕۆژنامەوانییەوە، جەختیشی کردەوە کە ئەم جۆرە سەردانانە دەرفەتێکی باشن بۆ فێرخوازان تا ئەزموونی کارکردنی ڕاستەقینە لە دەزگا ڕاگەیاندنییەکان بزانن.
لە کۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار بەناوی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێرەوە سوپاسی بەڕێوەبەری ڕادیۆی ئاکرێی کرد بۆ پێشوازیلێکردنیان، هاوکات جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامیی هاوکارییەکانی ڕادیۆکە لە پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووسی کارا و شارەزا لە ناوچەکە، کە بتوانن خزمەتی ڕاگەیاندنی كوردی بكەن.






