لە ئاهەنگى خولى پازدەیەمى زانکۆى جیهان-هەولێر بڕوانامەى بەکالۆریۆس بەخشرا بە (1219) دەرچوو لە (25) پسپۆڕی جیاواز
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٠/١٠/ ٢٠٢٥)، زانکۆی جیهان-هەولێر بە شکۆ و شایستەییەوە ئاهەنگی خولی پازدەیەمی دەرچووانی بەڕێوەبرد. لەم مەراسیمە گەورەیەدا، (1219) دەرچوو لە (25) پسپۆڕی جیاوازدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێبەخشرا.
ئاهەنگەکە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر؛ دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانی جیهان؛ سەرۆکی چەندین زانکۆی تری کوردستان؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە دیارەکان و، ژمارەیەکی زۆر لە میوانان و کەسوکاری دەرچووان بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی نیشتمان دەستی پێکرد، پاشان چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە. بەو بۆنەیەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ و پڕۆفیسۆر دکتۆر محەمەد حسێن کەلاری، سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری (وەک نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) پێشکەش کران. لە وتارەکانیاندا، هەردووکیان پیرۆزبایی گەرمی خۆیان ئاراستەی دەرچووان کرد و ستایشی هەوڵ و پێگەی دیاری زانکۆی جیهان-هەولێریان کرد لە پەرەپێدانی زانست و پەروەردە.
هەر بەو بۆنەیەوە دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانی جیهان لە وتەیەکیدا، دوای بەخێرهێنانی میوانان، خۆشحاڵی خۆی بە ئامادەبووان و دەرچووان دەربڕی. ناوبراو هیوای خواست دەرچووان ببنە بناغەیەک بۆ گەشانەوەى داهاتووی وڵات. هەروەها ئاماژەی بە چۆنیەتی فراوانبوونی زانکۆی جیهان و دامەزراوە پەروەردەییەکانی گروپەکە کرد، لە مێژووی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ. بۆ ئەوەش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە زانکۆ تەنها فێرخوازان فێری زانست و زانیاری ناکات، بەڵکو لێهاتوویی، مەعریفە، ژیری دەستکرد و تەکنەلۆژیایان پێدەبەخشێت. لە کۆتایی قسەکانیدا هانی دەرچووانی دا پەرە بە کارەکانیان بدەن و ببنە خاوەنی پیشەی خۆیان و بەشداری لە بونیادنانەوەی وڵات بکەن.
بەشێکی دیکەی ئاهەنگەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی وتاری دەرچووان، پاشان کورتە ڤیدیۆیەک لەبارەی زانکۆی جیهان-هەولێر نمایش کرا کە تیشکی خستە سەر دەستکەوت و پڕۆژە و بەشە زانستیەکانی زانکۆ.
ساتێکی گرنگ لە مەراسیمەکەدا خواردنی سوێندی یاسایی بوو لەلایەن دەرچووانەوە، پاشان دکتۆر ئامینە سەباح، بە نوێنەری سەرۆکایەتی بەشە زانستییەکانى زانکۆ، داوای لە سەرۆکی زانکۆ کرد بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە دەرچووان ببەخشێت. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ داواکەی پەسەند کرد و بە فەرمی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بە هەموو ماف و جیاوازییەکانیەوە بە دەرچووانی خولی پازدەهەم بەخشی.
کۆتایی ئاهەنگەکە بە دابەشکردنی خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنان بەسەر یەکەم و دووەم و سێیەمی سەر بەشە زانستییەکان، هەروەها چەندین چالاکی هونەری و جۆراوجۆر ڕازاوەتر کرا. دەرچووان خۆشحاڵی خۆیان بەم بۆنەیە دەربڕی و چەندین وێنەی یادگارییان لەگەڵ هاوپۆلەکانیان، کەسوکاریان و مامۆستایانیان گرت، وەک دوا ڕۆژ و وێستگەیەکی گرنگ لە ژیانی خوێندنیدا.













