لە ئاهەنگى دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر (3038) دەرچوو بڕوانامەى بەکالۆریۆسیان پێبەخشرا
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى زانکۆکەمان لە هەوڵى بەردەوامدایە بۆ پراکتیزەکردن و پەیڕەوکردنى ستانداردە نێودەوڵەتیەکانى فێربوون، بەرهەمى دواین هەوڵەکانیشمان بەدەستهێنانى ئەکریدەیشنی بەناوبانگترین دوو دامەزراوەی متمانە بەخشینی ئەوروپی (#ASIC و #ZEVA )یە، هەروەها جێبەجێكردنی (ISO)یە بۆ سەرجەم كارە كارگێرییەكانی زانكۆ، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیش ڕایگەیاند: جیگەى دەستخۆشیە، کە زانکۆى جیهان-هەولێر هەولیانداوە متمانەى نێودەوڵەتى بۆ بەشێک لە پرۆگرامەکانى خوێندن بەدەست بهێنن، هەروەها هەوڵیانداوە متمانەى نێودەوڵەتى دامەزراوەکان بۆ زانکۆکە بەدەست بهێنن، ئێمە ئەم هەنگاوانە بەهەنگاوى گرنک دەزانین، داواکارین پلانیشى هەبێ بۆ ئەوەى لە چەند ساڵى ئایندەدا هیچ پرۆگرامێک نەمابێتەوە متمانەى نێودەوڵەتى وەرنەگرتبێت.
دەستپێکى ئاهەنگەکە:
ئەم وتانەى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێكیدا هات کە ئێوارەى ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٤/١١/٢٠٢١) لە ڕێوڕەسمى ئاهەنگى دەرچوانى خولێکى دیکەى زانکۆى جیهان – هەولێر پێشکەشیکرد.
لەو ڕێوڕەسمى ئاهەنگى دەرچونەدا، کە بە چاودێرى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو و تیایدا ژمارەیەک لە وەزیرەکان و دکتۆر هێمن هەورامى و مونا قاوەچى جێگر و سکرتێرى پەڕلەمان و ژمارەیەک لە ئەندامانى پەڕلەمان و سەرۆک زانکۆکان و مامۆستایان و فێرخوازان و کەسوکاری دەرچووان و لێپرسراوانى حکومى و حزبى ئامادەیبوون، چەند وتارێک پێشکەش کرا.
ئاهەنگەکە، بەهاتنەژورەوەى ئەنجومەنى زانکۆ و، سەرۆک و دەستەى ئەمیندارانى زانکۆکانى جیهان و ساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستپێکرد، پاشان چەند ئایەتێک لە قورئانى پیرۆز خوێندرایەوە.
(3038) دەرچوو لە (18) بەش بڕونامەى دەرچونیان پێ دەبەخشرێ
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى سەرجەم میوانانى ئاهەنگەکە، ژمارەى دەرچوانى زانکۆکەیانى ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: ” وەک دەزانین هەرێمى کوردستان، وەک تەواوى وڵاتانى جیهان ڕوبەڕوى قەیرانێکى سەخت بووەوە، لەسەر ئاستى وڵاتان چالاکیە زانستى و کۆڕ و کۆبونەوەکان ڕاگیران، بەڵام دواى چاوەڕوانیەکى، بەخۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ زانكۆی جیهان – هەولێر لەم ئاهەنگە تایبەتەدا (3038) دەرچوو لە (18) بەشی زانستی جیاواز بۆ ساڵەکانى خوێندنی (2019-2018)، (2020-2019)، (2021-2020) كە بە زانست ومەعریفەى سەردەمانە پەروەردەكراون پێشكەشی نیشتمانەكەمان دەكات”.
دەرچوان دەبێ خزمەتى میللەتەکەیان بکەن
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕوو لە دەرچووان وتى: ” دەرچوانى خۆشەویست ئەمڕۆ بەرهەمى چوار ساڵى خوێندن و شەونخونیتان دەچننەوە و، دەبنە خاوەن بڕوانامەى بەکالۆریۆس، بۆیە خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم پیرۆزبایی گەرم ئاراستەى یەکە بەیەکەتان بكەم و ئومێدەوارم بە هەموو توانا و هێزتانەوە خزمەتی میللەتەكەتان بکەن، كە ساڵانێكی درێژە قوربانیان لەپێناوتان داوە تاوەكو ئێوە بگەن بەم رۆژە و، لە ژێر ئاڵای شەكاوەی كوردستان ئاهەنگی دەرچوونتان بگێرین، هەر لەم بۆنەیەدا، بەپێویستى دەزانین سوپاس و ڕێز پێشکەشەى ئەو مامۆستایانە بکەم، كە بەگیانی لە خۆبردووی درێغییان نەكرد لە گەیاندنی پەیامی زانست و نیشتیمان پەروەری و گۆشكردنی ئێوە بەدوا داهێنانی زانستى”.
زانکۆى جیهان لە ڕووى چەندایەتى گەشەى زۆرى کردووە
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ کارنامە و چۆنیەتى گەشەکردنى زانکۆى جیهان-هەولێر، بۆ ئەوەش ڕونیکردەوە ” زانكۆی جیهان – هەولێر لە ڕۆژى دامەزراندنى تا ئەمڕۆ چەندین هەنگاوى گرنگى لەسەر ئاستى ناوخۆیی و عێراقى و نێودەوڵەتى ناوە بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى، هەربۆیە لە ئێستادا لە چەندین ڕێکخراو و کۆمەڵە و یەکێتیى بۆتە ئەندام، لە بوارى ئەکادیمیشدا چەندین رێككەوتننامەی مۆركردوە بەمەبەستی هاوكاری زانستی و رۆشنبیری و بەرزكردنەوەی كواڵیتی زانستی و خوێندن لەگەڵ زانكۆكانی ناوچەكە و جیهان و بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەم رێبازەی”، وتیشى “زانکۆکەمان لە پێناو پێشخستنی زیاتری پرۆگرامی خوێندن لە هەوڵى بەردەوامدایە، بۆ هێنانی مامۆستای بیانی و نێودەوڵەتی، لە ناوخۆشدا باشترین مامۆستاکانى کوردستان و عێراقیمان بۆ بەشە زانستیەکان دابینکردوە، هاوکات بۆ پەرەپێدان بە توێژینەوەى زانستى زانكۆكەمان چەندین سێنتەر و نووسینگەی ڕاوێژكاری کردۆتەوە، كە بە بەردەوامی خول و ڕاهێنان بۆ فێرخوازان و توێژەران ئەنجام دەدات، لەوانەش (سێنتەرەی جێندەرناسی، سێنتەرەی توێژینەوە، نوسینگەی راوێژكاری ئەندازیاری، سێنتەری ڕۆشنبیری، كەریەر سێنتەر، سێنتەری زمان و، سێنتەری (ICDL) بۆ بەخشینی بڕوانامەی نێودەوڵەتی)”.
زانکۆى جیهان-هەولێر خزمەتى پێشکەش بەسێکتەرە جیاکان کردوە
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر هەر لە وتارەکەیدا باسى لەو کاروپڕۆژانە کرد، کە پێشکەشى کۆمەڵگەیان کردوە، لەو بوارەشدا ئامانجێکى دیکەى زانکۆکەى باسکرد و وتى: “یەکێکى دیکە لە ئامانجە سەرەکیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بریتیە لە خزمەتکردن بەچین و توێژە جیاکانى کۆمەڵ و، بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى فەرمانبەران لە سێکتەرە جیاکانى حکومەت، بۆ ئەو مەبەستەش لەماوەى ڕابردودا چەندین خولى جۆراوجۆرى بۆ وەزارەتە جیاکان کردۆتەوە، وەزارەتى پێشمەرگە و یەکێتیی مامۆستایان و یەکێتیی زانایانى کوردستان و چەندین بوارى دیکە، لەهەمانکاتدا بەشدارى لە چەندین هەڵمەتى خۆبەخشین کردوە”.
لە ڕووى چۆنایەتى چەندین دەسکەوتى زانستى گەورە بەدەستهاتووە
بۆ بایەخدان بەلایەنى چۆنایەتى، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر باسى لە چەندین دەسکەوتى زانستى گرنگ بۆ زانکۆى جیهان کرد و ڕایگەیاند: “زانكۆكەمان لە پاڵ گەشەکردن لە ڕووى چەندایەتى گرنگى زۆریشى بە لایەنى چۆنایەتى داوە، هەربۆیە لە بواری بەرزكرنەوەی كواڵیتی خوێندن چەند هەنگاوى گرنگمان ناوە، بۆ ئەوەش لەگەڵ پەیڕەوکردنى بڕیار و ڕێنماییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش زانکۆکەمان لە هەوڵى بەردەوامدایە بۆ پراکتیزەکردن و پەیڕەوکردنى ستانداردە نێودەوڵەتیەکانى فێربوون، بەرهەمى دواین هەوڵەکانیشمان بەدەستهێنانى ئەکریدەیشنی بەناوبانگترین دوو دامەزراوەی متمانە بەخشینی ئەوروپی (#ASIC و #ZEVA )یە، هەروەها جێبەجێكردنی (ISO) بۆ سەرجەم كارە كارگێرییەكانی زانكۆ”.
( گروپی جیهان) پاڵپشتى سەرەکى زانکۆى جیهان-هەولێرە
لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی و، سەرجەم دامەزراوەکانى وەزارەت کرد، هاوکات بەناوى مامۆستایان و تەواوی كارمەندانی زانكۆ سوپاس و پێزانینى تایبەتى ئاراستەی ( گروپی جیهان) وەك لایەنی دامەزرێنەری زانكۆی جیهان و سەرۆكی دەستە بەڕێز دكتور نەوزاد یحیی باجگر کرد بۆ ئەو ڕۆڵە ئەكتیڤ وكارایەی لە پشتگیریكردنی بەردەوامیان بۆ زانكۆكەیان و پێشخستنی درێخییان نەکردوە.
گرنگە بڕوانامە زانستیشى لەگەڵ بێ
لە بەشێکى دیکەى ئاهەنگەکەدا، دكتور نەوزاد یحیی باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان وتارێکى پێشکەشکرد، لە سەرەتاى وتارەکەیدا بەخێرهێنانى میوانانى کرد و، پیرۆزبایی لە دەرچوان و کەسوکارییان کرد، وتیشى: “بەدەستهێنانى بڕوانامە کە پڕ کرابێت بەزانین و مەعریفە گرنگە بۆ ئێستا و ئایندەتان، چونکە هێزى بڕوانامە گرنگە بۆ دروستکردنى ئاستى مرۆڤە لە پێناو مرۆڤایەتى”.
زانکۆى جیهان پلانى گرنگى بۆ (٣٠) ساڵى داهاتوو هەیە
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆکانى جیهان باسى لە کارنامەى دستەکەیان بۆ گەشەپێدانى زانکۆکانى جیهان بۆ (٣٠) ساڵى داهاتوو کرد و ئاشکرایکرد، کە “ستراتیژى زانکۆکانى جیهان بۆ سى ساڵى داهاتوو (٢٠٢١تا ٢٠٥٠) بریتیە لە تیشکخستنە سەر ڕاستیە مێژوییەکانى کوردستان و دەرهێنانى ئەو ڕاستیانەى، کە بێگانەکان لەسەرى نوستبوون، هەروەها بریتیە لە ئاوەدانکردنەوەى ئێستا و داهاتوومان، پلاندانان و گۆڕانکارى بۆ ئایندەمان بەبەکارهێنانى زانستیانەى هاوچەرخ و، ئاشنابوون بەتەکنەلۆژیا سەردەم بەزمانەکانى جیهان”، وتیشى بەپلاندانان بۆ داهاتوو و ئەنجامدانى توێژینەوە دەتوانین ئایندەمان ڕوناک بکەین و، بزانین چیمان پێویستە و، چۆن خۆما بۆ داهاتوو ئامادە بکەین، پێداویستیە جۆراوجۆرەکان چین”.
پێویستە دەرچووان پلانیان بۆ داهاتوو هەبێت
بۆ دەرچوانیش دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر وتى: زانکۆى جیهان زانکۆیەکى تایبەتە، دروستکردنى کارێکى تایبەتە، بۆیە ئامۆژگارى من بۆ دەرچوان ئەوەیە هەمووان ببنە خاوەن کارى خۆتان، پلان دابێن و کارى بۆ بکەن و، زانستى بۆ تەرخان بکەن و ئارامیتان هەبێ سەرکەوتوو دەبن، وتیشى وەسیەتم بۆ ئێوە ئەوەیە خۆشەویستى بڕوێنن و هێزى زانین بچەسپێنن و بەیەکسانى مرۆڤایەتى ئاوەدان بکەنەوە و، کوردستانتان لە بیر نەچێ، بۆیە دەبێ خۆمان ئاوەدان بکەین تا کوردستان ئاوەدان بکەین”، هەربۆیە “ستراتیژى سى ساڵى ئایندەمان ئەوەیە زانکۆکانى کوردستان ببنە زانکۆ پێشەنگەکانى دنیا و، وەک زانکۆى لۆکسۆمبۆرگى لێبێ”، لە کۆتایشدا سوپاسى هەموانى کرد بەتایبەت دەرچووان و دایک و باوکیان و حکومەتى هەرێمى کوردستان و پەڕلەمان و مامۆستایان و فەرانبەران و فێرخوازان.
جیگەى دەستخۆشیە، زانکۆى جیهان هەوڵیانداوە متمانەى نێودەوڵەتى بەدەست بهێنن
وتارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە لەلایەن دکتۆر ئامانج عەبدوڵلا سەعید ڕاوێژکارى وەزارەت خوێندرایەوە، بەشێکى دیکە بوو لە ئاهەنگى دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر، بۆ ئەوەش دکتۆر ئامانج عەبدوڵلا سەعید بەناوى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆوبایی لە دەرچووان و کەسوکاریان کرد، هەروەک دەستخۆشى لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان و دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان ومامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى نوێ بۆ کۆمەڵگەکەمان، وتیشى “زانکۆى جیهان-هەولێر هەندێک هەنگاوى گرنگى ناوە، کە جیگەى دەستخۆشیە، هەوڵیانداوە متمانەى نێودەوڵەتى بۆ بەشێک لە پرۆگرامەکانى خوێندن بەدەست بهێنن، هەروەها هەوڵیانداوە متمانەى نێودەوڵەتى دامەزراوەکان بۆ زانکۆکە بەدەست بهێنن، ئێمە ئەم هەنگاوانە بەهەنگاوى گرنک دەزانین، داواکارین پلانیشى هەبێ بۆ ئەوەى لە چەند ساڵى ئایندەدا هیچ پرۆگرامێک نەمابێتەوە متمانەى نێودەوڵەتى وەرنەگرتبێت”.
لە بەشێکى دیکەى وەتارەکەیدا، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە کارنامەى وەزارەتەکەى لە بوارە جیاوازەکان کرد بەتایبەت لە چۆنیەتى بەستنەوەى پڕۆگرامەکانى خوێندن بەبازارى کار و، بەردەوامیدان بەپڕۆسەى ڕیفۆرم و، چۆنیەتى پەرەپێدان بەخوێندنى پیشەیی و، هەوڵدان بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى یەکسان بۆ خوازارانى خوێندن لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکان.
دەرچووان سوێندى یاساییان خوارد
لە کۆتایى وتارى نوێنەرى دەرچووان خوێندرایەوە، دواتر سوێندخواردنى دەرچووان بەڕێوەچوو، پاشان لەسەر داواى ڕاگرى کۆلێژەکانى (یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، زانست، ئەندازیارى، ئاداب و هونەر، پەروەرەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان، زانستە کارگێڕى و داراییەکان، تەکنیکى تەندروستى) لەلایەن سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و پاڵپشت بەیاسا کارپێکراوەکان بڕوانامەى بەکالۆریۆسى بەدەرچوان بەخشى.
خەڵات بەسەر یەکەمەکانى زانکۆدا دابەش کرا
ئاهەنگەکە بەدابەشکردنى خەڵات لەلایەن لێپرسراوانى ئامادەبوو بەسەر یەکەمەکانى زانکۆى جیهان و، پێشکەشکردنى خەڵات و مەدالیایەکى تایبەت بە(پڕۆفیسۆر دکتۆر محمود ئەمین عەبدوڵڵا) لە بەرامبەر دەستنیشانکردنى وەک یەکێک لە باشترین زاناکانى جیهان، کۆتایى بەئاهەنگەکە هات.